هزری بێباوەڕی - بەشی دەیەم: عەقڵانیەت لەبۆسەی ئیلحاددا
لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەو گفت و گۆکانمان، یەکێک لەو بانگەشانەی کەهەمیشە ڕووبەڕووی دەبینەوە لەلایەن هەڵگرانی ئەم فیکرە ئەوەیە کە بەفاکتەری ئەنجامە لۆژیکی و ئەقڵانیەکان ئەم ڕێبازەیان هەڵبژاردووە..!
بۆیە پێویستە بچینە خزمەت ڕێسا عەقڵیەکان بۆ تاوتوێ کردنی ئەم بانگەشەیە.
بزانین یاسا عەقڵیەکان لەگەڵ ئەم بانگەشەیەو ڕێبازی ئیلحاد یەکدەگرنەوەو هیچ ناسازیەک هەیە لەنێوانیاندا یاخود نا؟!
۱ـ یەکێک لە یاسا بەدیهیەکانی هزریی مرۆڤ ئەوەیە کە هەموو یاسایەک یاسادانەرێکی هەیە. بەڵام ئیلحاد دەڵێت گەردوون لەخۆیەوە دروست بوە و بەهۆی پڕۆسەیەکی فیزیای هەڕەمەکی کوێرەوە.
۲ـ یاسایەکی عەقڵی تر ئەوەیە کە هەموو دروستکراوێک دروستکارێکی هەیە، بەڵام ئیلحاد دەڵێت گەردوون خۆی خۆی دروست کردوە! یان لە هیچەوە هاتۆتە بوون یان لەلایەن دروستکراوێکەوە دروست کراوە.
۳ـ یەکێک لەیاسا عەقڵیەکان پێمان دەڵێت کەبۆ هەر کارتێکراوێک کارتێکەر هەیە. بەڵام ئیلحاد ڕەتی دەکاتەوە کە خۆر و هەسارە و کەشکەشانەکان زاتێک بیانجوڵێنێت و کارتێکەر بن بەهیچ شتێک.
٤ـ جگە لەوانیش یاسایەکی تر ئەوەیە کە هەموو دیزاینکراوێک دیزاینەرێکی هەیە. بەڵام ئیلحاد دەڵێت هەموو ئەو وردەکاریەی لە خانەو شانە دەماریەکان و جەستەی مرۆڤ و هەموو وردەکاریەک کە لە گەردووندا هەیە بەڕێکەوت دروست بووە.
کۆمەڵێ یاسای عەقڵی تر هەن کە ئیلحاد دژیان دەوەستێتەوە وەک (هەموو وێنەیەک وێنەکێشێکی هەیە، هەموو ڕوداوێک هۆکارێکی هەیە) بەڵام لەبەر کورت و پوختی بابەت هەمویان باس ناکەین.
.
نمونەی ئەم دژیەکیە عەقڵانیانە:
فەیلەسوفی بەناوبانگ ئەلێکس ڕۆسنبێرگ بەهەمان شێوە دەڵێت (لە ڕوانگەی ئیلحادەوە نە عەقڵ نە ویستێکی ئازاد نە هیچ شتێک بوونی نیە). هاوبار دکتۆر سام هاریس لە کتێبی (free well) دەڵێت (مرۆڤ ئیرادەو عەقڵ و ویستی ئازادی نیە، بەڵکو جموجۆڵەکانی بەهۆی کارلێکی کیمیایی و جوڵەی فیزیای مێشکیەوەیەتی) واتە مرۆڤ بیرکردنەوەی بەدەست خۆی نیەو کردارەکانی پڕۆگرام کراوە لەمێشکیدا! بەڵام لەهەمان کتێبدا خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێ بەوەی گەیشتوەتە ئەو باوەڕەی کە مرۆڤ خاوەنی ئیرادە نیە!! وە بانگمان دەکات بۆ ئەم باوەڕەی هەیەتی، لەیادی دەکات گەر کردار و جموجۆڵەکانی مرۆڤ تەنها بەرهەم و زادەی کارلێکە فیزیایی و کیمیاییەکان و لێدانە کارەباییەکانی خانە مێشکی و دەمارییەکانە، کە ئەوانە مەحکومی یاسا سروشتیەکانن، چۆن هەوڵ بۆ بانگەشەی مرۆڤایەتی دەکەیت؟ ئێمە گەر خاوەنی ئیرادەیەک نەبین، چۆن فکر و ئایدیامان بگۆڕین بەم کتێب و پانێل و کۆڕبەندانە؟ ئایا ئەمەی بیریارانی ئیلحاد دەیکەن لەگەڵ قسەکانی خۆیاندا یەک دەگرێتەوە؟ ئایا یەکانگیر دەبێت لەگەڵ عەقڵدا؟!!