پەرستنی بەرد یا .........؟ .
ئەوە شتێکی بەدیهی و سەرەتاییە کە کڵێشەو جەوهەری بەندایەتی پێویستیەکی هاڕمۆنیانەی بە هەموو ئەو چەمکانەوە هەیە کە وەک ملکەچ بوون و گوێڕایەڵی کردن و خۆ بەپچوک زانین و زەبوون بوون مرۆڤ دادەڕنێ لە تەواوی جۆرەکانی کۆیلایەتی فیزیکی دەیکاتە بەندەی یەک پەرستراوی حەقیقی میتافیزیکی، وەک عیسا (علیه السلام) دەفەرمووێ: (کامەرانی ئەوەیە چلۆن لە شەللاقی سەربازێکی ڕومیدا زەلیل دەبیت وەها لە سیاهی نیوە شەودا لە گریە بۆ لیقا شەکەت بیت و لە شین بۆ مەغفیرەت ڕەزیل بمێنیتەوە)، ئەوە سروشتی هەموو بنیادەمێکە کە وابەستەیە بەوەی هەموو مانا واتاییەکان بەرجەستە بکات و حەوجێی بە نمایش کردنی هەموو کۆدە دەرونیەکانە بە میکانیکی. بەندایەتیش وەک تەواوی کۆدە واتاییەکانی تر حەوجێی بە بەرجەستەکردن و بەڕەمزاندنی خۆی هەیە، بەندایەتی ڕاگەیاندنی گوێڕایەڵی و ملکەچ بوونە بۆ خوداوەندی باڵا، کەعبەش هیچ نیە جگە لەو مانا و وێنە بەرجەستەییە ڕەمزیانەی کە تەسلیم بوون بە ئافرێنەر نمایش ئەکاو هیچی تر، ڕووکردنە بیت الحرام لە دەرەوەی کۆکرنە و ئاڕاستەکردنی مرۆڤایەتی بۆ یەک سیستەم و ڕیز و دابڕی ناکۆکی وپەرتەوازەیی خەڵکی لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژ هەڵات واتایەکی نیە، ئاشکرایە هیچ موسڵمانێک لەو باوەڕەدا نیە کەعبە کارێکی لەدەست بێت بۆ بنیادەم، ڕوونە کەس داوای چاکەیەک یاخود پەنادان لە خراپەیەک لەو چوار دیوارە ناخوازێت، کەس هاوارێکی لێ ناکات و کەس بە فاکتەری گەیاندنی دەنگ بە خودا و کەس بەخالق و کەس بە ڕۆزی دەر و ژێنەر و مرێنەری نازانێ، کە ئەمانە ڕەگەزی سەرەکی پەرستنن، خوداش دەفەرمووێ (فَلْيَعْبُدُوا رَبَّ هَذَا الْبَيْتِ) نەک (فَلْيَعْبُدُوا هَذَا الْبَيْتِ). ئاڕاستەکردنی تەواوی بەشەریەت بۆ یەک خاڵ تەنها و تەنها بەسیستماتیکە کردنی خەڵکە لە بەندایەتی و فەرمانڕەوایەتی و تەواوی ڕەهەندە گشتیەکانی ژیان کردندا. وەک پەروەرێن خۆی دەفەرمووێ: (جَعَلَ اللَّهُ الْكَعْبَةَ الْبَيْتَ الْحَرَامَ قِيَامًا لِلنَّاسِ)
دەنا خۆ کەعبە مەعلومی موطلەقە خۆشی پێ ناپارێزرێ و ڕۆژێک دەێت پێست ڕەشێک بە چەکوش وردی دەکات، هەروەک چۆن ئیسماعیلی قرمیتی کردی، هەر وەک عومەری کوڕی خەتاب کاتێ تەوافی کرد و گەیشتە بەردە ڕەشەکە، وتی خۆ من دڵنیام تۆ هیچ نیت جگە لە بەردێکی بێ دەسەڵاتی بێ سود و بێ زیان، بەڵام تەنها پێغەمبەرم بینیوە ماچی کردویت و منیش لە مەحەببەتی ئەو ماچت ئەکەم.
"أن عمر بن الخطاب – رضي الله عنه – كان يطوف بالبيت ويقبل الحجر الأسود ويخاطبه قائلاً: "إني لأعلم أنك حجر لا تنفع ولا تضر ولولا أني رأيت رسول الله – صلى الله عليه وسلم – قبلك ما قبلتك أبداً" البخاري (1097) ومسلم (1270)