ئایا دەسەڵاتی خودا بێ سنورە؟


گەر دەسەڵاتی خودا بێ سنورە ئایا ده‌توانێت به‌ردێك دروستكات خۆی پێی ھەڵنەگیرێت؟! گەر ناتوانێ ئایا ئەمە کەم و کوڕی نیە لە خودایەتی ئەودا؟
 ئەوە یەکێکە لە پرسیارە نا لۆژیكیەکان، كه‌ هه‌ر له ‌كۆنه‌وه‌ ئه‌و جۆره ‌پرسیارانه ‌كراون، بۆیه‌ كه ‌لێی ده‌ڕوانی ئه‌گه‌ر بڵێی به‌ڵێ، نابێ، ئه‌گه‌ر بڵێی: نه‌خێر، هه‌ر نابێ، بۆیه ‌زۆرێك لە مولحیده‌كان كردوویانه ‌به‌ بیانوو و وتویانه ‌كه‌واته ‌مادام خوا نه‌توانێ كارێكی وا بكات كه‌واته ‌ئه‌وه‌ خوا نیه‌!!!
ئێمه ‌لێره‌دا پشت به ‌خوا وه‌ڵامێكی پڕ به‌ پێستیان ده‌ده‌ینه‌وه‌: 
1- دیاره‌ دانتان ناوه‌ به‌وه‌ی كه ‌خوا هه‌یه‌؟! چونكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌بێ پرسیاری له‌باره‌وه‌ ناكه‌ن، پرسیاركردن لە شتی نه‌بوو نا مه‌عقوله‌.
2- دیاره‌ پێتان وایه‌ خوا زۆر به‌ توانایه‌؟! به‌ڵام له‌وانه‌یه به‌‌س ئه‌وه‌یان نه‌توانێ، چونكه‌ ئێوه ‌پرسیار له ‌توانای خوا ده‌كه‌ن و كه‌واته ‌توانای خواتان جێگیركردووه‌. 
3- ئه‌وه ‌مو‌غاڵه‌ته‌یه‌كی گه‌وره‌ی تێدایه، ‌چونكه ‌خواتان قیاس كردووه‌ته‌ سه‌ر مرۆڤ. 
4- خوا ناچێته ‌ژێڕ باری یاسا سروشتیه‌كان چونكه‌ خوا نه‌ مادده‌یه ‌نه ‌كاتیش نه ‌شوێنیش ده‌وریان نه‌داوه‌، خوا ناچێته‌ ژێر یاسا گه‌ردوونیه‌كان به‌ هیچ جۆرێك.
5- هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ كه ‌تێی كه‌وتوون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێیانوایه ‌توانای خوا (قدرة الله‌) به‌ هه‌موو شتێكه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌، به‌ڵام وانیه ‌توانای خوا په‌یوه‌سته ‌بە شته ‌مومكینه‌كان نه‌وه‌ك به‌ موستحیله‌كان، چونكه‌ موستەحیلەکان دژیه‌كی و ته‌ناقوضیان تێدایه‌، بۆ نمونە ‌شتێك لە یه‌ك كاتدا هه‌بێ و نه‌بێ یان شتێك ڕاوه‌ستاوەو جوڵاویشه ‌له ‌یه‌ك كاتدا یان جوزء گه‌وره‌تربێ له‌ كول واته‌ به‌ شێكی شتێك گه‌وره‌تربێ له ‌هه‌موو شته‌كه‌، وه‌ك ژووری خانوێك گه‌وره‌تر بێ له ‌هه‌موو خانووه‌كه‌، ئه‌وانه‌ هه‌موویان موستحیلن و تواناو قودره‌ت په‌یوه‌ست نین به‌وانه‌وه‌.
  یان وه‌ك ئه‌وه ‌وایه ‌بڵێی: خوا ده‌توانێ خۆی له‌ناو به‌رێ؟!
ئه‌وه‌ش موسته‌حیله‌ چونكه‌ خوای گه‌وره‌ (واجب الوجود) ه‌، ناكرێ بوونی نه‌بێ و هه‌بوونی واجبه‌. كه‌واته‌ زۆر نا مه‌عقول و نا لۆژیكیه ‌شتێك (واجب الوجود) بێت و گه‌ردوون و بوون هه‌مووی له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ستابێ، به‌ڵام نه‌مێنێ و لەناوچێ.
6- بنچینه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌ لۆژیكییه ‌ئه‌وه‌یه ‌كە ئه‌وانه‌ جیاوازی ناكه‌ن له ‌نێوان ئوموری زیهنی و ئیعتباری له‌گه‌ڵ ئوموری خارجی و ده‌ره‌كی، چونكه ‌ئه‌وه‌ی به‌ زیهندا دێت جیایه ‌له‌وه‌ی لە جیهانی ده‌ره‌وه‌و واقیعدا هه‌یه‌و ده‌بێ و، بۆ نمونە ‌تۆ ده‌توانی ته‌سه‌وڕی ئه‌وه‌ بكه‌ی كه ‌كه‌سێك شاخیكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتووه‌و له‌سه‌ر شانی داناوه‌، به‌ڵام ئایه ‌له‌ خارج و جیهانی ده‌ره‌وه‌دا ئه‌وه ‌ده‌بێ؟! 
7- هه‌ڵه‌یه‌كی تر له‌و پرسیاره‌دا، یان نا لۆژیكی ئه‌و پرسیاره ‌ئه‌وه‌یه‌، كه ‌تۆ پێت وایه ‌خوا هه‌یه‌، كه‌واته ‌خوا كاتێك خوایه ‌كه ‌توانای به‌سه‌ر هه‌موو دروستكراوه‌كانی خۆیدا هه‌بێ و نابێ هیچ شتێك لە ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ده‌رچێ، كه‌واته ‌دووباره ‌ئه‌و پرسیاره‌ نا لۆژیكیه ‌چونكه ‌یاسایه‌كی لۆژیكیمان هه‌یه ‌ده‌ڵێ: كۆبونه‌وه‌ی دوو شتی پێچه‌وانه‌ی یه‌كتری لە یه‌ك كاتدا موسته‌حیلەو ناكرێ. بۆ نمونە ‌بڵێی: ئه‌وه‌ هه‌یه‌و نیشه ‌یان زیندووەو مردووەو یان ......... كه‌واته ‌چۆن ده‌كرێ تۆ ئیسپاتی تواناو قودره‌تی خوای گه‌وره ‌بكه‌ی وه ‌دانبهێنێ به ‌خوایه‌تی خوا، له‌پاشان بڵێی به‌توانایه‌ به‌ڵام بێ توانایه ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌، كه‌واته ‌ئه‌و كات دوو شتی دژو پێچه‌وانه ‌كۆبونه‌وه ‌كه ‌(توانای ڕه‌ها) له‌گه‌ڵ (بێ توانایی) كه‌واته ‌ئه‌و پرسیاره ‌ده‌چێته ‌ناو موسته‌حیلاتی عه‌قڵیه‌وه‌. بۆیه ‌پرسیارێكی زۆر نا لۆژیكیه‌، چونكه‌ لۆژیك ده‌ڵێ: (كۆبوونه‌وه‌ی دوو شتی دژو پێچه‌وانه‌ی یه‌كتری موسته‌حیله‌).
8- ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر پرسیاری خۆی و هه‌موو بنه‌ما عه‌قڵی و لۆژیكیه‌كانی ڕه‌تكرده‌وەو بڕوای به ‌یاسای: (كۆبونه‌وه‌ی دوو شتی دژو پێچه‌وانه‌ی یه‌كتری موسته‌حیله‌) نه‌بوو، ئه‌وا ئێمه‌ش وه‌ڵامێكی پڕ به ‌پێستی خۆی ده‌ده‌ینه‌وه‌ واته ‌ئێمه‌ش وه‌ڵامێكی نا لۆژیكی و نا عه‌قڵانی ده‌ده‌ینه‌وه‌، چونكه ‌ئه‌و نه ‌بڕوای به‌ لۆژیكە، نه ‌بڕوای به‌عه‌قڵه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێن: به‌ڵێ خوای گه‌وره‌ ده‌توانێ به‌ردێك دروستبكات كه ‌پێی ده‌ست نه‌درێتێ به‌ڵام له ‌هه‌مانكاتدا ده‌توانێ ده‌ستیشی داتێ!!!!!!! واته‌ ئه‌و به‌رده ‌دروستده‌كات كه ‌ناتوانێ هه‌ڵیگرێ، به‌ڵام ده‌شتوانی هه‌ڵیگرێ!!!!! ئه‌گه‌ر وتی: ئه‌وه‌ (ته‌ناقوضه‌) ‌و دژو پێچه‌وانه‌ی تێدایه‌ نا لۆژیكی و نا عه‌قڵانیه‌ ئێمه‌ش ده‌ڵێن: ئێ باشه ‌خۆ پرسیاره‌كه‌ی تۆش نا لۆژیكی و نا عه‌قڵانیه‌، بۆ بۆ تۆ دروسته‌، به‌ڵام بۆ من نا دروسته‌؟! كه‌واته ‌بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌و پرسیاره ‌پرسیارێكی هه‌ڵه‌و نا لۆژیكییه‌، چونكه ‌وه‌ك ئه‌وه ‌وایه ‌بڵێ: شاخی هیمالایه ‌به‌رزترین شاخه ‌له ‌جیهانداو هیچ شاخێك به‌ ئه‌ندازه‌ی ئه‌و به‌رز نیه‌، به‌ڵام دوایی بڵێی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ‌هیمالایه ‌به‌رزترین شاخه ‌له‌ جیهانداو هیچ شاخێك له‌و به‌رزتر نیه‌، به‌ڵام بچوكتره ‌لە فڵان شاخ و فڵان شاخ. هه‌موو عاقڵێك ده‌زانێ كە ئه‌وه‌ شتێكی نا لۆژیكی و نا عه‌قڵیه‌، کەواتە ناشکرێ تۆ بڕوات بەخوا بێت و پێشت وابێ شتێک لەو گەورە ترە، چونکە خوا کاتێ خوایە کە لە ھەموو شتێ گەورەتر بێت، ناشکرێ بڵێی گەورەترینە بەڵام لەو شتەو لەو شتە بچوکترە!!!
هه‌ڵه‌ی ئه‌و جۆره‌ پرسیارانه ‌ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌بۆ چه‌ند شتێك: 
1- قیاس كردنی خوا له‌سه‌ر دروستكراوه‌كان. 
2- جیا نه‌كردنه‌وه‌ی شته ‌زیهنیه‌كان و شته‌ ده‌ره‌كی و واقیعیه‌كان. 
3- پرسیاركردن له ‌موسته‌حیلات. 
4- بڕوابوون به‌وه‌ی كە توانای خوای گه‌وره‌ ده‌بێ په‌یوه‌ست بێ بە موسته‌حیلاتیش، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه خوا ‌خۆی له‌ناوبه‌رێت !
5- له‌ هه‌موویان زه‌قتر، پرسیار كردن له‌ شتی نا لۆژیكی، بۆ نمونه ‌لۆژیك ده‌ڵێ: (كوبونه‌وه‌ی دوو دژ له‌یه‌ك كات و شویندا موستحیله‌). به‌ڵام ئه‌و دێت پرسیار له‌وه‌ده ‌كات!!!
صلاح الدين أحمد

 

7/23/2020 10:23:54 PM

بەشەکانی کورتە وتار

123