ئیسلام و سەپاندنی بیروباوەڕ


من پێم وایە ئەگەر هیچ دەقێکی ڕاستەوخۆش بوونی نەبێت لە قورئان یا فەرموودەدا، کە سەلمێنەری ئەوە بێت ئیسلام کۆلۆنیالیزەکار نییە و بیروباوەڕ بە زۆر ناسەپێنێت بەسەر مرۆڤەکاندا و بوار بە ئازادی بیروباوەڕ دەدا، ئەوە تەنها ئەم ئایەتەی سورەتی الملك بەسە کە دەفەرمووێ (الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا ۚ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْغَفُورُ )، پەیامی ئەوەی کە خودایەک مردن و ژیانی دروست کردبێت تا مرۆڤەکان تاقی بکاتەوە بەوەی کامیان چاکترین کار دەکات، دەبێت سەرپشک بوون لە بڕیاردا بدا بە بەندەکانی، ژیربێژیانە ناگونجێت گەر ئازادی لە هەڵبژاردنی بیروباوەڕدا نەدا بەم مرۆڤانەی لەژێر تاقیکردنەوەدان، ئاخر کاتێ ئایین بەسەر مرۆڤەکان دا بسەپێنرێ، گەر ویستی ئازاد بوونی نەبێت چ مانایەک بۆ تاقیکردنەوە دەمێنێت؟خودا چۆن تکلیف لە مرۆڤەکان دەکات، لەکاتێکدا پیاوانی خۆی هانداوە بۆ دەم کوت کردنیان؟ ئەمە باو نییە لەگەڵ ژیریدا کە کۆمەڵە قوتابیەک بخەیتە تاقیکردنەوە و وەڵامی ڕاستیش بسەپێنیت و چاوەڕێ بیت تەواوی قوتابیەکان نمرەی تەواو بهێنن. هەر لەبەر ئەمەیە کردگاری باڵا هیچ سزایەکی بۆ سەرپێچیکەران لە دونیادا نەکردوە بە یاساو دەفەرمووێت: (وَقُلِ الْحَقُّ مِن رَّبِّكُمْ ۖ فَمَن شَاءَ فَلْيُؤْمِن وَمَن شَاءَ فَلْيَكْفُرْ ۚ إِنَّا أَعْتَدْنَا لِلظَّالِمِينَ نَارًا أَحَاطَ بِهِمْ سُرَادِقُهَا ۚ)، کەوابوو کێ دەیەوێت با باوەڕ بهێنێت، کێش دەیەوێت با بێ باوەڕ بێت. سزای بێباوەڕان دوای تەواو بوونی کاتی تاقیکردنەوەیە، لە ئایەتەکەدا ئاماژە بە سزایەکی پەسڵانی دەدات نەک دونیایی، لێرە ئازارێک لەگۆڕێ نییە بۆ سەرپێچیە عەقیدەییەکان گەر دژایەتی کردن و ڕاگەیاندی جەنگ نەبێت، لەئیسلامدا تەنهاو تەنها سزا بۆ سەرپێچیە فیقهیەکانە (الجنایات)، ئەوەش بۆ بەسیستماتیکە کردنی ژیان و بەڕێوەبردنیەتی لەچوارچێوەی یاسادا تا مرۆڤەکان بەختیار بن. کەوابوو خودا وتەنی (لاإکراه فی الدین)، هەر لەبەر ئەمەشە لە جەنگەکاندا خوێنی ژن و پیرەپیاو و مناڵ و پیاوی بێ چەک و تەنانەت ئەو ڕاهیب و حاخامەو ئاینزاو پیاوە ئایینیانەش کە لە پەرستگاکاندا نایەنە دەرەوە بۆ جەنگ حەرام و یاساغە. لەڕاستیدا هەر ئەم پێدانی ئازادیەشە کە خودا بێ دەنگە لەو ستەم و کوشت وبڕ و چەوساندنەوانەی کە مرۆڤگەلی وەک هیتلەر و ستالین و ماوسیتۆنگ و دوو زلهێزەکەی جیهان و دەیان دکتاتۆر و سەرۆکی ستەماکار و لادەر و فاشستی تر دەیکەن.
.
دانیاڵ ژاكاو

8/3/2020 11:18:46 PM

بەشەکانی کورتە وتار

123