پێوەری ژن بوون لە زمانی یاسەمین موجاھیدەوە.

کاتێک یاوەرەکانی پەیامبەر  محمد (ﷺ) دەچوونە ناو شارۆچکەیەکەوە  تاکو پەیامی ئیسلامیان پێ بگەیەنێت، بە شێوەیەکی جوان دەیفەرموو: ( نحن قوم إبتعثنا الله لنخرج العباد من عبادة العباد الى عبادة رب العباد )واتە: (( هاتووین  لە بەندایەتی بەندە ڕزگارتان بکەین بۆ بەندایەتی پەروەردگار )) لەم وتەیەدا مانایەکی بەنرخ هەیە. لەناو ئەم وشانەدا کلیلی دەسەڵات و ڕێگای ڕاستەقینەی ڕزگاری هەیە.
 ببینە ئەو ساتەی من، یاخود تۆ ڕێگە دەدەین هەموو شتەکان جگە لە پەروەردگار سەرکەوتن و شکست و خۆشبەختی و بەهامان دیاری بکەن، کەوتووینەتە ناو بەندایەتیەکی بێدەنگ، بەڵام ڕوخێنەرەوە. ئەو شتە کۆنتڕۆڵم دەکات کە بەها و  سەرکەوتن و شکستم دیاری دەکات. ئەو شتە دەبێتە گەورە و خاوەنم.
ئەو گەورەیەی کە بەهای ئافرەتی دیاری کردووە چەندین شێوەی لەخۆگرتووە بەدرێژای مێژوو . یەکێک لە باوترین پێوەرەکانی ئافرەت بریتی بووە لە پێوەری پیاو.
بەڵام زۆرجار لە بیرمان دەچێت پەروەردگار  ڕێزی لە ئافرەت ناوە و بەپێوەری خۆی بەهای دیاری کردوە نەک بەپێوەری پیاو. بەڵێ !   کاتێ فێمینیستەکانی ڕۆژئاوا  پەروەرێنیان سڕیەوە و لایانبرد، هیچ شتێک نەما وەکوو پێوەری ئافرەتان دابنرێت جگە لە پیاوان. لە ئەنجامدا فێمینیستەکانی ڕۆژئاوا ناچاربوون بەهای خۆیان دیاری بکەن بە بەراورد کردنی خۆیان بە پیاوان. بەم شێوەیە گریمانەیەکی هەڵەیان هەڵبژارد قبوڵیان کرد پیاوان پێوەربن بۆیان، واتە ئافرەتان هەرگیز نابنە مرۆڤی تەواو و کامڵ  تا ئەوکاتەی  هاوشێوەی پیاوانیان لێ نەیات. 
کاتێک پیاو قژی کورت دەکردەوە، ئەویش دەیویست قژی کورت کاتەوە، کاتێ پیاو دەچوویە ڕیزی سوپاوە، ئەویش دەیویست بچێتە ڕیزی سوپاوە، ئەم شتانەی دەویست، چونکە پیاوان کە تاکە پێوەری ئافرەتان بوون هەیانبوو.
ئەوەی ئافرەتان هەستیان پێ نەکرد ئەوەبوو کە پەروەردگار پیاوان و ئافرەتانی بە جیاوازی خولقاندووە، نەک هاوشێوەی یەکتر . کاتێک ئافرەتان پیاوان وەک پێوەری خۆیان دیاری دەکەن، هەر تایبەتمەندیەکی ئافرەتانە دەبێتە خاڵی لاوازیان.
هەستیار بوون بە سوکایەتی دادەنرێت، بوونە دایک بێ ڕێزی دەبێت. 
لە ململانێی نێوان عەقڵ ( کە تایبەتمەندییەکی پیاوانەیە ) و هەست و سۆزدا  ( کە تایبەتمەندییەکی ئافرەتانەیە )، ئەقڵیەت دەسەڵات دەگرێتە دەست. کاتێک قبوڵمان کرد هەر شتێک کە پیاوان  هەیانە و ئەنجامی دەدەن باشتربێت، ئەو شتانەی  بەدوایدا دێت تەنھا کاردانەوەیەکی کاتییە، پەرچەکردارێکی بێئاگاییانەیە، ئەگەر پیاوان هەیان بێت، ئافرەتانیش دەیانەوێت. ئەگەر پیاوان لە ڕیزەکانی پێشەوە نوێژ بکەن، وادەزانین کە باشتر و خێرترە، بۆیە ئێمەش دەمانەوێ لە ڕیزەکانی پێشەوە نوێژ بکەین. ئەگەر پیاوان پێش نوێژی بکەن، وا دەزانین ئیمامەکە لە پەروەردگارەوە نزیکترە، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت پێش نوێژی بکەین. ئەو بۆچونەمان قبوڵ و پەسەند کردووە  کە پێشەوایکردن لەم دونیایەدا ئاماژەیەکە بۆ پلەی کەسەکان لە لای پەروەردگار.
بەڵام پێویست ناکات ئافرەتانی مسوڵمان بەم شێوەیە خۆیان کەم بکەنەوە، چونکە پەروەردگاریان وەک پێوەر هەڵبژاردووە. پەروەردگاریان هەیە بەهایان دیاری بکات، پێویستیان بە پیاوان نییە بەهایان پێ بدەن. تەنھا خۆمان نزم دەکەینەوە بە هەوڵدانمان  بۆ بوون بە شتێک کە نین، بەڕاستی نامانەوێت وەک پیاوان بین، ئێمەی ئافرەتان هەرگیز ناگەین بە ئازادی ڕاستەقینە تاکو ئەو کاتەی واز دەهێنین لە لاساییکردنەوەی پیاوان، بەهای جوانیمان تەنیا لەو جیاوازیەدایە کە پەروەردگار پێی بەخشیوین.
لە کۆمەڵگادا شتێکی ترهەیە ئەویش ( سەرداربوون و گەورەیی )، کە بەهای ئافرەتان دیاری دەکات. ئەو گەورەییەش بریتییە لە پێوەری جوانی. هەر لە مناڵیمانەوە ئێمەی ئافرەتان لەلایەن کۆمەڵگاوە فێری پەیامێکی ڕوون کراوین، پەیامەکە بریتیە لەوەی خاوەن لەشولارێکی ڕێک و سەرنج ڕاکێش و قەشەنگ بین، ئەگەرنا هیچ بەهایەکمان نابێت.
پێمان وترا مکیاژ بکەین و تەنورەی کورت لەبەر بکەین، ڕێنمای کراین بەوەی ژیان و جەستە و شکۆمان لەپێناو جوانیماندا تەرخان بکەین، بڕوامان وابوو گرنگ نییە چی دەکەین، چونکە تا ئەو ڕادەیە گرنگین کە پیاوان لە خۆمان ڕازی بکەین و بەلای پیاوانەوە جوان دەرکەوین. ژیانمان بەسەر برد لە ڕێی جوانکارییەوە، جەستەمان تەرخان کرد بۆ ڕێکلامەکانی فرۆشتن،
ئێمە بەندە بووین و پێیان وتین ئازاد و سەربەستین، بەندەیان بووین و سوێندیان خوارد کە سەرکەوتووین، فێریان کردین کە مەبەستی ژیان بریتییە لە خۆنیشاندان و خۆدەرخستن و سەرنجڕاکێشان و جوانبوون بەلای پیاوانەوە . بڕوایان پێمان هێنا کە جەستەمان دروست کراوە بۆ بازاڕ کردن و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانیان، بەڵام درۆیان کرد، جەستە و ڕۆحمان لەپێناو شتێکی باڵاتردا دروست کراوە، شتێکی زۆر باڵاتر پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت : { إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ}الحجرات:١٣ 
واتە: ( بەڕاستی باشترینتان لای پەروەردگار کەسێکە کە لە خودا دەترسێت و پارێزکارە ).
کەواتە ئێمەی ئافرەتان ڕێزمان لێنراوە، بەڵام ڕێزەکەمان نە پەیوەستە بە پیاوانەوە،نە  پەیوەستە بە هاوشێوەبوونی ئەوانەوە، نە ڕازی کردنی ئەوانە. بەهای تۆ وەکو ئافرەت بە قەبارەی کەمەرت، یاخود ژمارەی ئەو پیاوانەی حەزیان لێتە ناپێورێت. بەهای تۆ وەکو مرۆڤ بە پێوەرێکی باڵاتر دەپێورێت: پێوەری چاکەکاری و خوداناسی. کامڵبوون و تەواو بوونی ئێمە پەیوەستە بە پەروەردگار و پەیوەندیمان لەگەڵ ئەودا . هەر لە منداڵیمانەوە ئێمەی ئافرەتان فێرکراوین هەرگیز کامڵ نابین تاوەکو ئەو کاتەی پیاوێک دێت و کامڵمان دەکات  هاوشێوەی سەندرێلا، فێر کراوین بێ یارمەتین تاکو ئەو کاتەی شازادەیەک دێت و ڕزگارمان دەکات. هاوشێوەی جوانکیلەی خەوتوو پێمان وترا کە ژیان بە تەواو دەست پێ ناکات تاکو ئەوەی شازادە چارمین دێتو ماچمان دەکات، بەڵام لێرەدا شتێکی گرنگ هەیە، هیچ شازادەیەک ناتوانێت کامڵت بکات ، هیچ سوارچاکێک ناتوانێت ڕزگارت بکات، تەنھا پەروەردگار نەبێت.
شازادەکەت کەسێکە پەروەردگار دەینێرێت تاوەکو ببێتە هاودەمت نەک ڕزگارکەرت. جوانی چاوەکانت نەک هەواو ئۆکسجینی  ناو سیەکانت. هەواکەت لە پەروەردگارەوەیە. ڕزگاربوون و کامڵ بوونت پەیوەستە بە نزیکبوون لە پەروەردگارەوە، نەک نزیک بوون لە هەر شتێکی دروستکراوەوە نەک نزیک بوون لە شازادە، یاخود فاشیۆن و جوانی و ستایلەوە.
بۆیە داواتان لێدەکەم ئەو شتانە لەبیر بکەن. داواتان لێ دەکەم هەڵبستنەوە و بەجیهان ڕابگەیەنن کە بەندەی هیچ شتێک نین، نە فاشیۆن و نەجوانی و نەپیاوان، تەنھا و تەنھا بەندەی پەروەردگارن. داواتان لێدەکەم بە جیهان ڕابگەیەنن کە نەهاتونەتە ئەم جیهانەوە تاوەکو بە جەستەتان پیاوان لەخۆتان ڕازی بکەن. ئێوە لێرەن تاکو پەروەردگار لەخۆتان ڕازی بکەن، بۆیە تەنھا خەندەیەک بکەن و بڵێن: ( سوپاس بۆ هەوڵەکانتان، بەڵام پێویستمان بە یارمەتی ئێوە نییە )، بەو کەسانەی کە پێیان وایە کە چاکەی تۆیان دەوێت و دەیانەوێت ئازادت بکەن.
پێیان بڵێ کە لێرەنین بۆ ئەوەی خۆمان نمایش بکەین. جەستەت بۆ ئەوەنییە پیشانی هەمووانی بدەیت. دڵنیاببنەوە لەوەی هەموو جیهان بزانێت کە هەرگیز خۆت دانابەزێنی بۆ شتێک یاخود جووتێک قاچ بۆ فرۆشتنی پێڵاو، ڕووح و ئەقڵت هەیە و بەندەیەکی پەروەردگاریت. بەهای تۆ بە جوانی ڕووح و دڵ و ئەخلاقتەوە دیاری دەکرێت و دەپێورێت، بۆیە پێوەرەکانی جوانی ئەوان ناپەرستیت، ملکەچ و پابەندی فاشیۆنی ئەوان نابیت، ملکەچبوون و پابەندیت بۆ شتێکی زۆر باڵایە. 
بۆیە لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە لەکوێ و چۆن ئافرەتان دەسەڵات پەیدا دەکەن، دەگەڕێمەوە سەر وتەکەی هاوەڵی پەیامبەرمان (ﷺ) دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی کە ئازادی ڕاستەقینە و دەسەڵات لەڕێی ڕزگارکردنی خۆمانەوە دەبێت لە هەموو گەورەکانی تر .
ئێمەی ئافرەتانی مسوڵمان لەم بەندایەتییە ڕزگار بووین، پێویستمان بە پێوەری جوانی و فاشیۆنی کۆمەڵگا نییە تاکو بەهامان هەڵبسەنگێنێت  و دیاری بکات،  پێویست بەوەناکات هاوشێوەی پیاوان بین تاکو ڕێزمان لێ بگیرێت،  پێویست ناکات چاوەڕێی شازادەیەک بین ڕزگارمان بکات، یاخود کامڵمان بکات. بەها و ڕێز و ئازادی و کامڵبوونمان پەیوەست نییە بە بەندەکانەوە، بەڵکو پەیوەستە بە پەروەرێنی بەندەکانەوە.
.
لە کتێبی ( دڵت بێنەوە )، لاپەڕە ٢٤٥-٢٥٠
نوسینی ژنە بانگخوازی ئیسلامی یاسەمین موجاهید

10/13/2020 8:51:59 PM

بەشەکانی کورتە وتار

123