سەرکۆنەی دایباب

سەرکۆنەی دایباب

سەرکۆنەی دایباب

نووسەرئاستانەئاستانە
دە خولەک خوێندنەوە ٣٤٣ بینینەکان ٨ ئەیلوول ٢٠٢٥

سەرکۆنەی دایباب
 
خێزان یەکەم کەناڵە کە منداڵ تێیدا چاو دەکاتەوە و، دەست دەکات بە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوون، خێزانی کوردی، خێزانی گەورە بوو لە سەدەی ڕابردوو، واتە داپیر و باپیر، دایک و باوک، خوشک و برا، کوڕ و کوڕەزا ... هەموویان لە دەوری یەک دەژییان و، پەروەردەی هەر نەوەیەکیش لە ئەستۆی کۆی خێزانەکە بوو، لەو خێزانەشدا باپیر و داپیر، هەروەها گەورەکانی نێو خێزانەکە ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە پەروەردەکردنی نەوەکاندا، ئەمە جگە لەوەی لە لادێکاندا بە گشتی هەموویان بەرپرس بوون لە پەروەردەی نەوەکان، چونکە هەموویان خۆیان بە بەرپرسیار دەزانی بەرانبەر ئەو منداڵە، بە تایبەت کە لە لادێکان زیاتر پەیوەست بوون بە یەکترەوە و زیاتر پابەند دەبوون بە دابونەریتەکانەوە، جگە لەوەش بەشێک لە لادێکان کەس و کار و خزمی یەکتر بوون.

کۆمەڵگەی کوردی دوای دوو هەزار بە گشتی و ڕووخانی بەعس بە تایبەت کرایەوە بە ڕووی جیهاندا، ئەو کرانەوەیەش بووە هۆی ئەوەی کە دابونەریت و، لایەنە کۆمەڵایەتییەکەش بەرەو گۆڕان بچێت بە ئاستی جیا جیا، لە ڕوویەکی تریشەوە چەندین بەشی نوێ لە زانکۆکاندا کرانەوە، بە تایبەت هەندێک بەش کە پەیوەست بوون بە زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە، بەم شێوەیەش بەشەکانی: کۆمەڵناسی، دەروونناسی، پسپۆری کاری کۆمەڵایەتی، پەروەردەی تایبەت، باخچە ... دەیان دەرچوویان بۆ درووست بوو، لەلایەکی تریشەوە بڵاوبوونەوەی خولەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و ئێن ئێل پی ... بە شێوەیەکی نائاسایی کە چەند ساڵێک پانتاییەکی بەرفراوانیان داگیر کرد لە ڕاکێشان و ئاراستەکردنی گەنجان و خوێندکاران بە تایبەت.

هاوکات بەرەوپێشچوونە تەکنەلۆژییەکان و، زۆربوونی کەناڵەکانی تەلەفیزیۆن، پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زۆربوونی کتێبخانە و ناوەندی بڵاوکەرەوە، زۆربوونی ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە پەروەردە و، گەشەدان بە تواناکان، وایان کرد قسەکەر زۆر بێت، پەروەردەکار و قسەکەرانی ئەو بوارە و، خولەکانی پەروەردە و ڕاوێژکارە خێزانییەکان زۆر بوون.

بە شێوەیەکی سروشتیش هەر کات بوارێک خرایە نێو پرۆسەی بازرگانییەوە و، پارەی لەسەر پەیدا کرا، پێویستە زۆرترین بازاڕسازی و بانگەشەی بۆ بکرێت، کڕیارەکانی ئەم مامەڵەیە خێزانەکانن، دایک و باوکان، لەم چوارچێوەیەدا دایک و باوک بەئامانج گیراوە، دەبێت دایک و باوکەکان قەناعەت بکەن و بێن بەشداری ئەم خولانە بکەن، باشە، ئەمە کێشەی چییە؟

بەبازاڕکردنی پەروەردە:
ئایا چ گرفتێک هەیە لە بەبازاڕکردنی پەروەردەدا؟ کەسانێک کە خۆیان بۆ ئە بوارە یەکلا کردووەتەوە و هەوڵ و ماندوبوونێکی زۆریان داوە، کێشە چییە ئەگەر لە بەرانبەردا پارە وەربگرن و بیکەنە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان؟ ئەم بابەتە لە خودی خۆیدا کێشەی نییە، ئاساییە ئەو خولانەی دەکرێنەوە، ڕاوێژکارەکان لە بەرانبەردا پارە وەربگرێت، کێشەکە لە شوێنێکی ترە، کێشەکە لەوێوە دروست دەبێت کە ڕاوێژکاری خێزانی، یان پسپۆری پەروەردەیی (بەشێکیان هیچ پسپۆرییەکی پەیوەست بەو بوارەیان نییە) پێویستی بە سوتەمەنی بەردەوامە بۆئەوەی خولەکانی بەردەوام بن، بۆئەوەی کارەکەی نەوەستێت و بەردەوام کەسانێک هەبن لە خولەکانیدا بەشداری بکەن، ئەم سوتەمەنیەش خێزانەکانن.

لێرەوە کوالێتی دادەبەزێت، دڵسۆزی کەم دەکات، چاوچنۆکی و هەڵپەی زیاتر وا دەکات بەردەوام بەدوای بابەتی نوێدا بگەڕێن هەتا بەردەوامی بدەن بە خۆیان، لێرەشەوە دەبینین ڕۆژانە و بەردەوام لەسەر بابەتە پەروەردەیی و خێزانییەکان قسە دەکەن، زۆر جاریش شتی سەیر و سەمەرە و ناکۆک بە ئایین و کولتووری کوردی پێشکەش دەکەن.
 
دایک و باوک کەر و گایە!
ئەم دەربڕینە زۆر ناڕیک و نەگونجاوە، هەر دەربڕینی بێڕوویی و بێشعورییەکی زۆری دەوێت، بەڵام ئێستا هەندێک جار بە ڕاشکاویی و، زۆر جار بە ئاماژە ئەو ڕستەیە بە دەیان جۆری دەربڕین دووبارە دەکەنەوە، ئەم کارەشیان بە نەزانی نییە، بەڵکوو بە ئاگاییەوە ئەم کارە دەکەن، هەتا بازرگانییەکەیان زیاتر و بەردەوام بێت، بۆ ئەم کارەش بەردەوام هەوڵ دەدەن بە چەند جۆرێک کار لەسەر خێزانەکان بکەن، بە خاڵ دەیانخەمە ڕوو هەتا لە لای خوێنەر زۆر ڕوون بێت:

1-  بەردەوام هەوڵ دەدەن دایک و باوک بە نەزان و گێل پیشان بدەن، ئەو هەستەش بۆ خێزانەکان دروست بکەن.
2-   وا پیشان دەدەن کە باوانی ئێمە (دایک و باوکمان ...) نەزان بوون (پەنا بە خودا) هیچیان لە هەگبەدا نەبووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی نەوەی خراپ و سەقەت پێبگات.
3- ئەم نەوە سەقەت و هیچە نە دەزانن هاوسەرگیری بکەن، نەدەزانن چۆن منداڵ بخەنەوە، نەدەزانن پەروەردەی منداڵ بکەن.
4-  بەردەوام هەوڵ دەدەن هەستی گوناهباری لە لای دایک و باوک دروست بکەن بەرانبەر منداڵەکانیان، چونکە نەفامن و بە هۆی نەزانییانەوە ئایندەی منداڵەکانیان بەرەو هەڵدێر دەبەن و دەیانفەوتێنن.
5- دایکایەتی، باوکایەتی، بابەتێکی فیتری نییە و، دەبێت کە منداڵت بوو بچیتە لای ڕاوێژکارێک فێرت بکات چۆن پەروردەی بکەیت!
6- ئافرەت کە دەبێتە دایک نابێت گوێ لە دایکی و خەسووی بگرێت، پەروەردەی ئەوان بەسەرچووە و، باوی نەماوە!
7-  هیچ ڕێگایەکت نییە، یان دەچیتە لای ئەوان و، ئایندەی منداڵەکەت ڕۆشن دەکەیت، پەروەردەیەکی جوانی دەکەیت، یان خۆت پەروەردەی دەکەیت و، کەسێکی ناڕێکوپێک دەخەیتە کۆمەڵگەوە.
8- پەرە بەخۆت نادەیت؟ بەشداری خولی خێزانی و پەروەردەیی ناکەیت؟ تۆ کەسێکی نە خۆت خۆشەوێت نە منداڵەکانت!

ئەمە و دەیان خاڵی تر کە بەردەوام کاری لەسەر دەکەن، جگە لەوەی وا لە ژن و مێردەکەش دەکەن کە هەست بکەن خێزانێکی زۆر بێسەروبەرن، کێشە و گرفتیان زۆرە، بەیەکەوە ناتوانن بژین، لەیەکتر تێناگەن، بۆیە پێویستە بۆ  چاککردنەوەی ئەم هەموو کێشە و گرفتە پەیوەندی بە ڕاوژکارێکی خێزانییەوە بکەن! 

ڕەنگە ئێستا هەبێت بپرسێت، باشە بۆچی بەم شێوەیە ڕەخنەی ئەو بابەتە بکەین؟ مەگەر ئەوان کار ناکەن بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی؟ ئاشتەوایی خێزانی؟ پێگەیاندنی نەوەیەکی جێگیر و پڕ بەرهەم؟ ئەی بۆچی ئاوا هەڵشاخێین پیایاندا؟
لێرەدا بابەتەکە زۆر لەوە قووڵترە، ئەم ڕاوێژکار و پەروەردەکارانە، پەروەردە لەدەست دایک و باوک وەردەگرنەوە و خۆیان دەبنە سەنتەر لە پەروەردەکردنەکەدا، خێزان کە هەم پەیوەندیی خوێنی لەنێوانیاندا هەیە، هەم پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی و ڕۆحیی قووڵ، لەم نێوەندەدا کە پرۆسەی پەروەردە بە قەد مێژووی مرۆڤ کۆنە و لەنێو ڕۆح و جیناتی مرۆڤدا ئاوێزان بووە، دەبێتە بابەتێکی کەشفکراوی سەردەم! بابەتێک کە پێشتر نەیانزانیوە چۆن منداڵ پەروەردە بکرێت، ئەوەتا ئێستا لەڕێگای ئەمانەوە فێر دەبین منداڵ پەروەردە بکەین.

کێشەی ئەم بابەتەش ئەوەیە کە وا پیشان دەدات کوڕێک و کچێک کە بیست ساڵ سەرتر یان خواتر تەمەنیانە، دەبنە خاوەنی منداڵ، ئەم کوڕ و کچە بەبۆشاییەکی کۆمەڵایەتیی و پەروەردەییدا هاتوون، بۆیە ناتوانن منداڵەکەیان پەروەردە بکەن، ئەم قسەیەش ڕاست نییە، مامەڵەی ئێمەش لەگەڵ کۆمەڵگەیە بە گشتی، نەوەک ئەوەی بڵێین کۆی کۆمەڵگا پێویستی بەوە نییە فێری پەروەردە بکرێت.

ئەم ڕاوژکارانە لە کاتێکدا ئاوا چەند نەوە بە دوای یەکدا بە نەزان وێنا دەکەن، خۆیان دەبنە بەدیل و مەڕجەع بۆ ئاراستەکردنی خێزان و دایک و باوک، ئەمەش دەیان گرفتی لێ دەکەوێتەوە:
1- زۆر خێزان هەن هیچ کێشەیەکیان نییە، گونجاون، پەروەردەیەکی جوانی مندالەکانیان دەکەن، بەڵام چونکە ئەم ڕاوێژکارانە بەردەوام دێنە پێشچاو و، قسە دەکەن، خولەکانیان سپۆنسەر دەکەن، ئەو هەستەی باسمان کرد لە سەرەتاوە کە دەیانخەنە نێو هەستی خۆبەتاوانبار زانین بەرانبەر بە منداڵ، وایان لێ دەکات بەشداری خولێکیان بکەن، ئەمان کە خۆیان هیچ کێشەیەکیان نەبووە، دوای خولەکە ڕووبەڕووی دەیان گرفت دەبنەوە، چونکە زۆرێک لەو ڕاوێژکارانە پشت بە کۆمەڵێک کەسایەتی ڕۆژئاوایی دەبەستن کە لەگەڵ کولتوور و ئایینی ئێمەدا ناگونجێت، بەشێکیشی لاساییکردنەوەیەکی بێتامی کۆمەڵێک تەکنیکی بێبنەمایە، وەک لە ڤیدیۆی یەکێکیاندا دەردەکەوێت کە وەک شێر بنەڕێنە و شت هەڵبدە، بەو جۆرە خۆت خاڵی بکەرەوە ...

2- ئاراستەی کۆمەڵگا دەکەن بەرەو دوورکەوتنەوە لەیەکتر و، کاڵکردنەوەی پەیوەندییەکان، بەردەوام گوێبیستی ئەوە دەبین کە نە لە ماڵی باوکتەوە نزیک بە، نە لەماڵی خەزوورتەوە، بەڵکوو دوور بگرە، هەوڵ بدە خۆت نەوەکەت پەروەردە بکەیت، نەک ماڵە باوانی منداڵەکەت، ئەم خۆتەش کە ڕاوێژکارەکە دەریدەبڕێت خودی دایکەکە نییە، یان باوکەکە، بەڵکوو ڕاوێژکارەکەیە، واتە ڕاوێژکارەکە ئەوەی دەوێت لە دایک و باوکەکە کە بەرجەستەکەری ئامۆژگارییەکانی ئەو بن.

3- بە دایک و باوک دەڵێن پێویست ناکات بۆ منداڵەکەت خۆت بکەیت بە قوربانی، چێژ لە ژیان ببینن، خۆتان مەڕەنجێنن بۆ منداڵەکانتان، ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان، دژیەکییە، لە لایەک دایک و باوک ئەخەنە نێو هەستکردن بە گوناهـ بەرانبەر بە منداڵەکانیان، لە لایەک بە خێزانەکان دەڵێن پێویست ناکات دایک و باوک قوربانی بدات بۆ منداڵەکان.
ئەمەش لە لایەک ڕاکێشانێکی تری خێزانە بۆ بەژداری لە خولێکی تر، بۆ پاراستنی هاوسەنگی و پاراستنی خودی خۆی کە دیارە بەشێکی باش لەو تەکنیکانەش تەکنیکگەلێکی بێسوودن.

4- گۆشکردنی نەوەکان بە پێوەرە ڕۆژئاواییەکان، دەڵێن: "نابێت منداڵ بەبێ دایک و باوکی لە هیچ ماڵێک بمێنێتەوە." لە ڕاستیدا ئەمەش بە کولتووری ئێمە نامۆیە، واتای چیە نابێت منداڵ بەبێ دایک و باوکی بچێت بۆ ماڵی خاڵ، پوور، مام، دەڵێن: "بۆت هەیە لە سەعات شەشی بەیانییەوە هەتا شەشی ئێوارە، منداڵەکەت ببەیت بۆ ماڵی پوور، خاڵ، مام، بۆلای باپیر و داپیر، بەو مەرجەی دایک یان باوکیان لەگەڵدا بێت، بۆ شەویش دەبێت لە ماڵی خۆتاندا بخەون."

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم کەسانە هەموویان کەسی دەرەجەیەکن، خزمی خوێنین بۆ منداڵەکە، کاتێک ڕێگەپێنەدراوبێت منداڵ بەبێ دایک یان باوک سەردانی ئەو خزمە دەرەجەیەکانە بکات، دەبێت لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ئەو منداڵە چ هەستێک وەربگرێت؟ دەڵێن: "ئاخر ئێمە دەمانەوێت خێزان مەڕجەع بێت لە لای منداڵ، بۆیە نابێت هیچ کات بەتەنها بچێت بۆ ماڵی کەسێکی تر ئەگەر داپیر و باپیریش بێت." بەڵام لەڕاستیدا ئەم قسەیە وا نییە، چونکە خێزان مەڕجەعیەتی خۆی بەوە لەدەست نادات و، دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، ئەگەر لەلایەکی تریشەوە سەیری بابەتەکە بکەین دەبینین کە لەمڕۆدا هێندە کەناڵەکانی پێگەیاندن و پەروەردەی منداڵ زۆر بووە، ئۆتۆماتیکی خێزان مەڕجەعیەتی خۆی لەدەست داوە، چەندین مەڕجەعی تر هاتوونەتە مەیدان و، جێگەی خێزانیان گرتۆووەتەوە.

5- ئەوەی جێگەی سەرنجە کاتێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نابێت منداڵ ببرێت بۆ ماڵی پوور، مام، خاڵ، داپیر و باپیر، لەولاوە هانی خێزانەکان دەدەن منداڵەکانیان بەرن بۆ ڕێکخراو و ڕەوزە و، باخچەکان، ئەمەش بەلای ئەوانەوە لێدان نییە لە مەڕجەعیەتی خێزان، تێکدانی پەروەردەی خێزان نییە. 

لە کاتێکدا ئەم پرۆسەیە تەواو پێچەوانەیە، بەلایەنی کەمەوە پوور، مام، خاڵ لەگەڵ ماڵە گەورەکان (داپیرەکان، باپیرەکان) سەرچاوەی پەروەردەیان لەیەکترەوە نزیکە، پەروەردەی ماڵێک و، دایک و باوکێکن، بۆیە بە گشتی نزیکایەتی هەیە لە پەروەردەی خێزانەکەدا، بە گشتیش هەموویان دڵسۆزن بۆ منداڵەکە، بۆیە دەیانەوێت بە ئاراستەیەکی باشدا بڕوات، هەروەها لەنێوان منداڵەکە و کەسە پلە یەکەکانەدا، پەیوەندییەکی ڕۆحی و خۆشەویستییەکی تایبەت هەیە، بابەتەکەش دوولایەنەیە، ئەمەش یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ منداڵەکە هەتا لە ڕووی دەروونی، کۆمەڵایەتی و فیکرییەوە گەشە بکات.

بەڵام ئەم پەیوەندییە ڕۆحییە لە لای مامۆستا و دادەکان دەست ناکەوێت، چونکە هەم لە ڕووی خوێنییەوە، هەم پەیوەندییە سۆزدارییەکە لەنێوانیاندا نییە بەو ڕێژەیەی لەنێوان منداڵ و کەسە پلەیەکەکاندا هەیە. ئەمە جگە لەوەی کە پرۆگرامی خوێندن و شێوازی پەروەردەی منداڵەکان لە ڕێکخراو و ڕەوزەکاندا تاڕادەیەک سەربەخۆیە، هەر شوێنە و بە ویستی خۆی ئاراستەی منداڵ دەکات.

بۆیە ئەم بۆچوونە هەم لەگەڵ کولتووری کوردی، هەم لەگەڵ پەروەردەی ئیسلامیدا یەک ناگرێتەوە، منداڵ لەنێو خێزانی بنکە فرواندا جوانتر پەروەردە دەبێت نەک خێزانی ئەتۆمی، ئەو دابڕینەش کاریگەریی پەروەردەی ڕۆژئاوایە لێرە دەیانەوێت دووبارەی بکەنەوە، بەرەو تاکگەرایی بردنی مرۆڤە کە دەڵێن: "منداڵەکەت نەخەیتە بەردەست خەسوت هەتا بۆت پەروەردە بکات!" بەڵام دەیخاتە بەردەست زۆر کەس کە هیچ پێوەرێکی پەروەردەکاریان تێدا نییە، جگە لەوەی زۆرێک لەو ڕەوزە و ڕێکخراوانە منداڵ بەرەو لایەک ئاراستە دەکەن کە زۆر کارەساتە، هەر لە فێرکرنیان بە سەما و، چاندنی بەها ڕۆژئاواییەکان و ئاراستەکردنیان لەگەڵ بۆنە ڕۆژئاواییەکان، وەک «هاڵۆوین ...»

6- هەروەها بەشێکیان بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەن کە بێمتمانەیی لەنێوان هاوسەرەکان، خوشک و براکان، باوان و منداڵدا دروست بکەن، بەردەوام ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە پیاو لە ژێرەوە خەریکی ئەمەیە، ژن وا دەکات، پیاو هیچ کات بەڕاستی وەڵامی هاوسەرەکەی ناداتەوە. ئەم قسانە بێمتمانەیی دروست دەکات، وا دەکات کە هاوسەرەکان دایم لەیەک بە گومان بن، لە بچوکترین ڕەفتار بکۆڵنەوە، جگە لەوەش هەیانە بە حساب کۆرسی ناسینی پیاو دەکاتەوە، دەڵێت:" پیاو دەکەین بە شتێکی جوان، تەواو کۆنترۆڵی دەکەیت، دەیکەین بە پەپولەیەکی جوان.) ئەمانە لە ڕاستیدا هێندەی خەریکی تێکدانی شیرازەی  خێزانن، هێندە خەریکی پتەوکردنی پەیوەدنییە خێزانییەکان نین، بۆیە دەبێت ئاگادار بین کە هەر کەس هات و لەسەر پەروەردە قسەی کرد، نابێت یەکسەر خۆمانی تەسلیم بکەین، دانیشین گوێی لێ بگرین و، لەسەر قسەکانی بڕۆین.

لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت فلتەرێکی بەهێزمان هەبێت و، بە ئاسانی خۆمان نەدەینە دەست ڕێکخراو و ڕاوێژکارە خێزانی و پەروەردەییەکان، ئەوەش بزانین کە ئەو هەموو سەرکۆنەکردنەی پێشین و، سوکتەماشاکردنی کولتووری کوردی و، ئەو پەروەردەیەی دایک و باوکمان ئێمەیان لەسەر پەروەردە کردووە پەروەردەیەکی فاشل و بێناوەڕۆک نەبووە، بەڵکوو پەروەردەیەک بووە لە زۆر ئاستدا گۆشیان کردوین لەسەر بەها بەرز و باڵاکان.

گوێگرتن و ڕاوێژکردن بە کەسانی دڵسۆزی بوارەکە و وەرگرتنی ڕاوێژ لێیان کارێکی باشە، بەڵام دەبێت بزانین ئەم کەسانە چ فەلسەفەیەکی پەروەردە جێبەجێ دەکەن؟ چ پێوەرێک بەکار دەهێنن، دەیانەوێت کۆمەڵگا بەرەو کوێ بڕوات، هەروەها ئەو پێوەرانە تا چ ئاستێک لەگەڵ ئایین و کولتووری ئێمەدا دێتەوە؟ ناکرێت کەسێک لە ئەمەریکا لەنێو سیستەمێکی لیبڕاڵی و سەرمایەداریدا پرۆگرامێک پێشکەش بکات، ڕاستەوخۆ لێرە دووبارەی بکەینەوە، یان ئەو قوتابخانە پەروەردەییانەی مرۆڤ وەک ئاژەڵێک تەماشا دەکات، چۆن بێین و دەرخواردی خێزانی کوردی بدەین بە ناوی جۆراوجۆرەوە.

موسڵمان دەبێت هەموو ژیانی بەرێتەوە ژێر چەتری ڕوانگە گەردوونییەکەی کە لە وەحییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەو جۆرەش دەبێت خوێندنەوە و، گوێگرتنەکانمان ڕەخنەیی بێت و هەڵسەنگاندن بۆ هەر بابەتێک بکەین کە دەیخوێنینەوە (بەم وتارەشەوە) نەک یەکسەر وەریبگرین و جێبەجێی بکەین.

ئاڤار قەرەداغی

وەرگێڕ
ئاستانە
ئاستانە
دیزاینەر
ئاستانە
ئاستانە
ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە خێزان و پەروەردە

هەموویان ببینە