ئێسکەکان: موعجیزەیەکی ئەندازەیی کەم وێنە
کە لە دەرەوە تەماشای ئێسک دەکەیت، ڕەق و قورس دەردەکەوێت، بەڵام لەژێر وردبیندا دەبینیت کە تۆڕێکی ئەندازیاریی ئاڵۆزی پرد و دینگە و بۆشایییە. ئێسکەکان بەرگێکی ڕەقیان هەیە (cortical bone) لە دەرەوە و، لە ناویشەوە تۆڕێک دینگە و پردە کە فشارەکە دابەش دەکات، لەگەڵ بۆشاییی وردی دانراودا کە کێشی ئێسکەکە کەم دەکاتەوە.
لەوەیە گەر ئەرکی دروستکردنی ئێسکی ڕان بدرێتە دەستی تۆ، وات پێ باش بێت قاڵبێکی ئەستوور و پڕ ئێسکم بدەیتێ و بڵێیت ئاوا باشە، بۆ ئەوەی بەرگەی فشاری قورس بگرێت. بەڵام لە ڕاستیدا، ئێسک وا مامەڵە ناکات، بەڵکوو بەردەوام لە گۆڕاندایە و، بەپێی ئەو فشارەی دەکەوێتە سەری، چڕیی ناوچەکانی خۆی دەگۆڕێت.
بۆ نموونە، گەر دەست بکەیت بە وەرزش و جوڵەی جیاواز، ئێسک هەڵدەستێت بە توندوتۆڵکردنی زیاتری ئەو خاڵ و ناوچانەی کە فشاری زۆریان دەکەوێتە سەر و، بە یەکجار هەموو ئێسکەکە ئەستوور و پڕ ناکاتەوە. لە ئەنجامدا، ئێسک هەم پتەوی و بەرگریی خۆی پێش دەخات، هەم دەست بە کێش و قورسیی خۆیەوە دەگرێت.
واتە، ئێسک بیر لە بڕ و چڕی ناکاتەوە، بەڵکوو بیر لە دابەشکردنی ژیرانەی چڕییەکەی دەکاتەوە؛ بە لۆژیکێکی ئەندازیاری کە پێی دەگوترێت «باشترینکردن بەهۆی دابەشکردنی بارەوە» (Optimization by Load Distribution). هەر ئەم بنەمایە، لەلایەن ئەندازیارانەوە پەرەی پێ دراوە و، بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک ئەلگۆریتم بە ناوی «باشترینکردنی تۆپۆلۆژی» (Topology Optimization) بەکار هاتووە.
ئەمە ئێستا تازەترین بەرەوپێشچوونی ئەندازیارییە کە لە دروستکردنی باڵەخانە و پردەکاندا بەکار دێت، هاوشێوەی پڕۆژەی «پردی میلینیۆم» (Millennium Bridge) لە لەندەن. هەروەها، لە دروستکردنی فڕۆکە، کەشتییە ئاسمانییەکان و کەرەستە سەربازییە پێشکەوتووەکاندا بەکار دەهێنرێت.
لێرەوە دەزانین کە ئێمە، لە باشترین حاڵەتدا، قوتابییەکی تەمبەڵی سروشتی خواکردین.
#ئاستانە_Astana




