برسییان کردین تا ئیرادەمان بمرێنن، تینوویان کردین تا شکۆمان بخنکێنن!
چاوت دابخە و گوێ بگرە؛ بیابانێکی وشک، گەرمایەکی داپڵۆسێنەر، لەناو دۆڵێکی تەنگەبەری مەککەدا، دەنگی ناڵە و گریانی منداڵێک لەبرساندا پەردەی خامۆشی دەدڕێت. سێ ساڵە مرۆڤەکان گەڵای دار دەخۆن و پێستەی وشکی ئاژەڵ دەکرۆژن. چەکەکە شمشێر نییە، «گەمارۆ»یە. ئامانجەکە کوشتنی جەستە نییە، بەڵکوو شکاندنی «ئیرادە»یە. ناوی شوێنەکەش «شیوەکەی ئەبوتالیب»ـە.
ئێستا چاوت بکەرەوە، هەزار و چوارسەد دانە ساڵ باز بدە بەسەر کاتدا.
ئەو دەنگە نەوەستاوە، تەنها شوێنەکەی گۆڕیوە. ئێستا لە کوچەیەکی بۆمبارانکراوی غـ.ـەززەدا دەزرنگێتەوە. ئەو دەنگەی لە گەرووی وشکی بیاباندا دەیچرپاند: (أحدٌ، أحد!)، ئەمڕۆ لەژێر داروپەردووی غـ.ـەززەدا دەناڵێنێت، دەڵێت: (حسبنا الله ونعم الوكيل!). تەپوتۆزی کۆنکرێت لەبری خۆڵی بیابان، زریکەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەبری کپيی شەوەکانی مەککە. لێرەش گەمارۆکە هەمان میوانی نەخوازراوە، بەڵام پۆشاکی مۆدێرنی پۆشیوە و ناوی: «سیاسەت»، «ئاسایش» و «بەرگری لەخۆکردن»ـی لەخۆی ناوە.
لێرە، ئامانجەکە تەنها شکاندنی ئیرادە نییە، بەڵکوو «لەبیربردنەوە»یە: بۆ ئەوەی منداڵێک چیرۆکی باپیرەی بیر بچێتەوە، هەتا گەلێک بۆنی زەیتون و تامی زەعتەر فەرامۆش بکات.
ئەمە چیرۆکی دوو گەمارۆ نییە. ئەمە چیرۆکی یەک زامە کە دوو جار کولاوەتەوە و خوێنی لێ چۆڕاوە. ئەمە تەنها دووبارەبوونەوەی مێژوو نییە، بەڵکوو بەردەوامیی جەوهەری ستەمە.
تاکتیکەکە هێندە کۆنە کە لە کتێبەکاندا تۆزی لەسەر نیشتووە، بەڵام هێندەش نوێیە کە هەواڵی بەپەلەی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانمانە. ئامانجەکە هەمیشە یەکە: «برسیان کردین بۆ ئەوەی دەستبەرداری بیروباوەڕمان، خاکمان، یان شکۆمان بین!»
لە شیوەکەی ئەبوتالیبدا، ئیمانێک هەبوو کە لە برسییەتی بەهێزتر بوو. لە غـ.ـەززەشدا، ئیرادەیەک هەیە کە لە پۆڵا ڕەقترە.
مێژوویەک وانەی ڕاستگۆیانەمان فێر دەکات: جەستەکان زیندانی دەکرێن و برسییەتی تامی تاڵی ژیانیان پێ دەچێژێت، بەڵام ڕۆحێک کە تەوەکولی بە خودا هەبێت، ببڕایببڕ ملکەچی گەمارۆ نابێت.
سناء محي الدين
#ئاستانە_Astana




