سەربوردەیەکی تری تاڵانکارییەکانی ئەمریکا

سەربوردەیەکی تری تاڵانکارییەکانی ئەمریکا

سەربوردەیەکی تری تاڵانکارییەکانی ئەمریکا

دوو خولەک خوێندنەوە ١٥٥ بینینەکان ١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦

سەربوردەیەکی تری تاڵانکارییەکانی ئەمریکا

ترەمپ بەم دواییە لە باسی گرینلاند و داواکارییەکانی بۆ داگیرکردنی و بەرهەڵستیی دانیمارک و ئەورووپا وتی: «من دانیمارکم خۆش دەوێت، بەس ئاخر ئەوەی کە ٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش بەلەمێکی ئەوان کەناراوەکانی گرینلاندی دۆزیوەتەوە، مانای ئەوە نییە کە ئیتر هیی ئەوان بێت».

واز لە باسی دۆزینەوەی ئەمریکا بێنن، کە ئەسڵەن ئەگەر گرینلاند دوورگەیەکی بەستووی بێژیان بووبێت، خۆ ئەمریکا پڕی خەڵکی ڕەسەن بوو؛ هیندییە سوورەکانی تێدا بوو، کەچی قەڵاچۆ کران و بەزۆر لێیان داگیر کرا. بەس دەمەوێت چیرۆکی بابەتێکی تری سەرنجڕاکێشتان بۆ بکەم.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە و ئەو کاتەی کە هێشتا پەیینی کیمیایی بوونی نەبوو و دروست نەکرابوو؛ بەهۆی گەشەی بەردەوامی جیهان و ئەمریکاشەوە، کەرتی کشتوکاڵیش لە گەورەبوون و داواکاریی بەرزدا بوو. شتێک هەبوو پێی دەگوترا «گوانۆ» (Guano)، کە پاشماوەی باڵندە دەریاییەکان بوو، لەسەر کەنار و دوورگەکان کەڵەکە ببوو. ئەم گوانۆیە بووە سەروەتێکی گەورە و داواکاریی زۆری لەسەر بوو.

چونکە پەیینێکی زۆر بەهێز بوو بۆ کشتوکاڵ و پڕ بوو لە نیترۆجین، فۆسفات و پۆتاسیۆم، جیاواز لە پەیینەکانی تر. لە هەندێک ماوەدا، گوانۆ بە نزیکەیی بە ئەندازەی ئاڵتوون دەفرۆشرا. لەم نێوانەدا، ئەمریکاش پێویستیی زۆری بەم پەیینە سروشتییە بوو. بەس تۆ بڵێی ئەمریکا ئامادە بێت وەک ئەوانی تر بیکڕێت؟ یان بیەوێت ڕێکەوتنێک، هاوبەشییەک، شتێک بکات بۆ بەدەستخستنی؟ نەخێر، یەکسەر دەستی کردە تاڵانی؛ چونکە لە مێژوودا ئەمریکا هەمیشە بە تاڵانی پێش ئەوانی تر کەوتووە.

ساڵی ١٨٦٥، کۆنگرێس یاسایەکی دەرکرد بە ناوی «یاسای دوورگەی گوانۆ» (Guano Islands Act). بەپێی یاساکە زۆر بەسادەیی هەر هاووڵاتییەکی ئەمریکی دوورگەیەک یان بەردێکی دەریایی بدۆزێتەوە کە موڵکی دەوڵەتێکی تر نەبێت و گوانۆی لەسەر بێت، ئەوە یەکسەر دەتوانێت ئاڵایەکی ئەمریکای لەسەر هەڵبدا و پەیوەندی بکات بە حکوومەتەوە و موعامەلاتێکی سادە بکات؛ تەواو، دوورگەکە هیی ئەمریکایە! تەنانەت ئەگەر پێویست بکات، ئەمریکا هێز دەجووڵێنێت بۆ پاراستنی ئەو دوورگانە و کابرا دەتوانێت بە هەندێک مەرج دەست بکات بە دەرهێنان و فرۆشتنی گوانۆ. لە یاساکەدا هاتووە: دوای تەواوبوونی گوانۆ، مەرج نییە ئەمریکا دوورگەکە تا هەتاهەتایە بۆ خۆی بهێڵێتەوە؛ ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ حکوومەتی ئەمریکی تا هیچ ئەرکێکی ئەو دوورگانەی نەکەوێتە سەر.

بە کورتی، هەتا دوورگەکە سوودی هەبێت و پێوەی بمێنێت، هیی ئەمریکایە؛ کە پێی نەما، کێ دەیبات با بیبات، بۆ خۆمانمان ناوێت! دواتر، هەندێک لەم دوورگانە بوونە خاڵی گرنگی سەربازی و پەیوەندی و دەریاوانی و، لەژێر هەژموونی ئەمریکادا مانەوە.

ئەم چیرۆکە سرووشتی هێزی ئەمریکا ڕوون دەکاتەوە کە لەسەر تاڵانی وەستاوە، لە کۆن و تازەدا؛ هەر جارە و هەر سەردەمێک بە بیانوویەک. دەری دەخات کە باسێکی ئابووریی سادە، چۆن لە کۆتاییدا بووە تۆڕێک هەژموونی جوگرافی بۆ ئەمریکا.

ئارامی مەلا نووری

وەرگێڕ
ئاستانە
ئاستانە
دیزاینەر
ئاستانە
ئاستانە
ئامادەکار
ئاستانە
ئاستانە
بڵاوکەرەوە
ئاستانە
ئاستانە

زیاتر لە مێژوو

هەموویان ببینە