لە ڕۆژگاری دواکەوتووییدا، هاوسەرەکان لە هەندێک خێزاندا منداڵێکیان دەبوو و، دوای ماوەیەکی کەم منداڵی دووەمیشیان دەبوو؛ بەمەش هەردووکیان بە تەمەنێکی نزیک لە یەکەوە گەورە دەبوون و، هەر یەکەیان دەبووە هاوڕێی یاریکردن و کاتبەسەربردنی ئەوی دیکە.
دایک بە کاروباری ماڵ و خزمەتکردنی منداڵەکانەوە سەرقاڵ بوو، باوکیش دەچووە دەرەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی؛ هەردووکیشیان بە پێی توانا و بارودۆخی خێزانەکە، لە خەمی پەروەردەکردنی منداڵەکاندا بوون.
خێزان خەرجییەکانی بە پێی داهاتی باوک ڕێک دەخست: سەرەتا پێداویستییە سەرەکییەکان، ئەگەر شتێکیش بمایەتەوە بۆ کارە لاوەکییەکان. هیچ گرفتێکی تێدا نەبوو چەند ڕۆژێک بە پاقلە و پەتاتە بەڕێ بکەن و مانگی دوو جاریش گۆشت بخۆن، مادام ئەوەی بەشیان دەکات هەبوو.
کەس داوای لە خێزان نەدەکرد هەرچی منداڵی خزم و دراوسێ هەیەتی، ئەمانیش بۆ منداڵەکانیان دابینی بکەن. نەبوونی مۆبایلێکی نوێ یان نەناردنی منداڵ بۆ یانە و مەشق، بەڵگەی کەمتەرخەمیی دایک و باوک نەبوو.
پرسیارە سەرەکییەکە ئەمە بوو: چیمان پێویستە؟
نەک ئەوەی: خەڵکی تر چییان هەیە؟
پاشان «مۆدێرنێتە» هات
هاوسەرەکان لەسەر ئەوە ڕێک دەکەون دوو ساڵ منداڵبوون دوابخەن، پاشان بۆ نموونە شەش ساڵ بخەنە نێوان هەر منداڵێک و ئەوی دوایەوە، تا بتوانن بە باشی هەر یەکەیان پەروەردە بکەن و بایەخی پێ بدەن.
بۆ بەرچاوڕوونی: هیچ کێشەیەک لە ڕێکخستنی منداڵبوون یان ماوەخستنە نێوان منداڵەکاندا نییە، هەر کاتێک بەرژەوەندیی خێزان و تەندروستیی دایک وا بخوازێت.
منداڵەکە گەورە دەبێت و داوای یاری و هاوڕێ و کاتبەسەربردن دەکات. لێرەوە لیستی داواکارییەکان دەست پێ دەکات: دایەنگە، مەشقی یانە، چالاکیی بە پارە، وانەی تایبەت و مۆبایلێکی زیرەک ڕێک وەکوو هی کوڕی پووری و کچی مامی.
هێشتا خێزانەکە لە خەرجییەک ڕزگاری نەبووە، یەکێکی تر بەرۆکی دەگرێت.
لەگەڵ زۆربوونی سەرقاڵییەکانیشدا، زۆر جار تابلێت دەبێتە هۆکارێک بۆ بێدەنگکردنی منداڵ و حەوانەوەی گەورەکان لە داواکارییەکانی، لە بری ئەوەی تەنیا ئامرازێکی سنووردار بێت بۆ کاتبەسەربردن و فێربوون.
دواتریش گلەیییە باوەکە دەبیستین: «مووچەی پیاوەکە بەش ناکات!»
ڕەنگە ئەم قسەیە بۆ زۆر خێزان ڕاست بێت کە بە ڕاستی ناتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان دابین بکەن؛ بەڵام سەیرەکە لەوەدایە هەندێک خێزان هێندەی بە دەست قەبەبوونی لیستی ئەو شتانەوە دەناڵێنن کە کردوویانەتە پێداویستی، هێندە بە دەست کەمیی پێداویستییە سەرەکییەکانەوە ناناڵێنن.
ئاخر چۆن دەکرێت منداڵێک بەبێ مۆبایلی نوێ گەورە ببێت؟! چۆن دەبێت ئامۆزاکەی لە یانە مەشق بکات و ئەم نەچێت؟! چۆن ڕەوایە منداڵی دراوسێ بچنە چێشتخانە و سینەما، کەچی منداڵەکانی ئێمە بە خواردنی ماڵەوە قایل بن؟!
بەم جۆرە، خۆشگوزەرانییەکانی دوێنێ دەبنە پێداویستییەکانی ئەمڕۆ و، بەراوردکارییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبنە باری داراییی بێبڕانەوە.
باوک کاتژمێری زیاتر کار دەکات و، ڕەنگە دایکیش بچێتە دەرەوە بۆ کارکردن؛ نەک بۆ پەیداکردنی نان و شوێنی نیشتەجێبوون و دەرمان، بەڵکوو بۆ پڕکردنەوەی کۆمەڵێک خەرجی کە دەکرا دەستبەرداری بەشێکی زۆریان ببن.
سەرەنجام ڕەنگە داهاتی خێزانەکە زیاد بکات، بەڵام کاتی پەروەردەکردن و دانیشتن لەگەڵ منداڵەکان کەم دەبێتەوە؛ لەگەڵ باوکێکی ماندوو، دایکێکی شەکەت و منداڵانێک کە تینووی سۆز و گرنگیپێدانێکن پارە ناتوانێت قەرەبووی بکاتەوە.
لێرەدا مەبەستم ئەو خانمە نییە کە لە ناچاریدا کار دەکات بۆ دابینکردنی بژێوی و پێداویستییە سەرەکییەکان، بەڵکوو باسی ئەو خێزانانە دەکەم کە ڕێگە دەدەن کێبڕکێی بەکاربردن و کڕین لە بری خۆیان، کارە لەپێشینەکانیان دیاری بکات.
بەرپرسیارێتییەکەش لە ئەستۆی هەردوو هاوسەرەکەدایە پێکەوە؛ هەروەک چۆن ڕەنگە بودجەی خێزان لە جلوبەرگ و خۆنواندن و موجامەلەدا بە هەدەر بچێت، بە هەمان شێوە ڕەنگە لە جگەرە و مۆبایل و ئۆتۆمبێل و قاوەخانەکانی پیاوەکەدا، یان لە داواکارییە بێکۆتاکانی ژنەکەدا بۆ گۆڕینی ناوماڵ و کڕینی شتی بێسوود بە هەدەر بچێت.
کێشەکە ئەوە نییە داهاتی خێزان باشتر ببێت، یان منداڵەکان چێژ لە هەندێک کاتبەسەربردن وەربگرن، یان دایک و باوک هەوڵی داهاتوویەکی باشتر بۆ ڕۆڵەکانیان بدەن.
کێشەکە لەوەدایە ئاستی بەکاربردن لەسەر حیسابی پەروەردە بەرز بکەینەوە؛ پارەی زیاتر بۆ منداڵەکانمان خەرج بکەین لە کاتێکدا کاتی کەمتر لەگەڵیاندا بەسەر دەبەین و، بە کردەوەکانمان فێریان بکەین کە بەهای کۆمەڵایەتییان بەوە دەپێورێت چی دەپۆشن، چی دەخۆن و چییان هەیە.
ئیسلام داوامان لێ ناکات خۆمان و خێزانمان لە ڕزق و ڕۆزییە پاکەکان بێبەش بکەین، بەڵکوو لەسەر قەناعەت و میانڕەوی و دوورکەوتنەوە لە زیادەڕۆیی پەروەردەمان دەکات.
چونکە هەموو ئەوەی توانای کڕینیمان هەیە، مەرج نییە پێویستمان بێت و، هەموو ئەوەی خەڵکی تر هەیانە، پێویست ناکات ئێمەش هەمانبێت.
ئەم پێشبڕکێیەش ڕەنگە بە نەوەیەک کۆتایی بێت کە نوێترین مۆبایلی ئایفۆنیان بە دەستەوەیە، بەڵام فێر نەبوون بە قەدەر توانای خۆیان بژین و، جیاوازی لە نێوان پێداویستی و ئارەزوودا بکەن.
حوسام عەبدولعەزیز
- دیزاینەر
- موحەممەد ڕەسول

- ئامادەکار
- ئاستانە

- بڵاوکەرەوە
- گەشبین




