وەهمی مەعریفە
هیچت لەدەست نەداوە ئەگەر تەمەنت بەسەر چوو و، دێڕێکت لە ئەدەبیاتی ڕووسی، فەڕەنسی و ئەمریکی نەخوێندەوە. هیچ لە کەرامەت و گەورەییت کەم نابێتەوە، ئەگەر بێئاگا بیت لە شاكارەکانی دۆستۆیۆڤسکی، شێکسپیر، تۆلستۆی و جۆرج ئۆروێڵ.
هیچت لێ کەم نابێت ئەگەر تەواوی تەمەنت بێئاگا بیت لە ململانێی فەیلەسووفەکان. گەر نەزانیت سوقرات چۆن ژیاوە، یان تێڕوانینی کانت، نیچە، مارکس و سارتەر بۆ بوون چۆن بووە، یان بێئاگا بیت لە فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی و ئایینە دێرینەکانی وەک بوودیزم و تاویزم. تەنانەت ئەگەر لە فەلسەفە و کەلامی زانایانی وەک ئیبن سینا و فارابیش قووڵ نەبیتەوە، ژیانت هەر بە ئاسایی و بەختەوەری دەگوزەرێت.
هیچت لەدەست نەچووە و، بگرە زۆریش قازانجت کردووە ئەگەر بێئاگا بیت لە ژاوەژاوی سۆشیاڵ میدیا، هەواڵی کەسایەتییە دروستکراوەکان، ئەستێرەکانی وەرزش، یان ئەو ململانێ حیزبی و تائیفییانەی کە جگە لە ڕق و کینە هیچ بەرهەمێکیان نییە. خودا لێت ناپرسێت بۆچی سەرقاڵی تەکفیرکردن و دادگاییکردنی خەڵکی نەبوویت، بەڵکوو ئەوە بێدەنگی و دوورەپەرێزییەکەیە کە پاداشتی لەسەرە.
بەڵام یەقینەن پرسیارت لێ دەکرێت لەسەر ئەو کات و وزەیەی کە پێت بەخشرابوو؛ ئایا بۆ پاککردنەوەی ناخ و ڕۆحت بەکارت هێنا؟ ئایا ئەو زانستە کەمەی کە هەتبوو، کردتە کردارێکی ساڵح بۆ خزمەتی خۆت و مرۆڤایەتی؟ پرسیارت لێ دەکرێت لەسەر ڕەوشتت لەگەڵ دەوروبەر، لەسەر ئەخلاق و مامەڵەت و، لەسەر ئەرکە سادە و بنەڕەتییەکانی وەک عیبادەتێکی دروست و ژیانێکی پاک.
زۆرێک لەو شتانەی ئەمڕۆ پێیان دەگوترێت ڕۆشنبیری و مەعریفە، بارێکی قورسن کە جگە لە غرووری عەقڵی و سەرقاڵکردنی مرۆڤ لە ئامانجە گەورەکەی، هیچی تریان لێ سەوز نابێت. ملیۆنان مرۆڤ بە سادەیی ژیاون؛ بێ ئەوەی هیچ کام لەم فەلسەفە و ڕۆمانانە بناسن، بە دڵێکی سادە و ڕۆحێکی ئارامەوە ژیانیان بەڕێ کردووە و ماڵئاواییان کردووە.
مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون، تەنیا پێویستی بە زانستێکی کەم و سوودبەخشە، لەگەڵ عەمەلی چاک و ئیخلاس.
«اللَّهُمَّ إِنَّا نَسْأَلُكَ عِلْمًا نَافِعًا...»
(خوایە گیان، داوای زانستێکی سوودبەخشت لێ دەکەین...)
سناء محي الدين
#ئاستانە_Astana
- طراح
- موحەممەد ڕەسول

- تهیهکننده
- ئاستانە

- ناشر
- ئاستانە





