فەرموودە لەنێوان یاساغ کردنی نوسینەوە و بەڵگەدارێتیدا
بەناو قورئانیەكان لەگەڵ ئەوەی باوەڕیان بە فەرموودە نیە، و بەبەڵگە و حوججەی شەرعی و سەرچاوەی ئایینی نازانن، بەڵام لە دژیەكی و جیاوازیيەکی مەنهەجی سەیردا بەڵگە دەهێننەوە، بەفەرموودەكەی ئەبو سەعیدی خودری(رضي الله عنه) كە لەصەحیحی موسلیمدا هاتووە پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) فەرموویەتی: "لا تكتبوا عني، ومن كتب عني غیر القرآن فلیمحه" واتا لەمنەوە هیچ مەنوسنەوە هەر شتێكتان لەمنەوە نوسیەوە بیسڕنەوە.
بەدەر لەو تەناقوزەی ئەو كەسانە تێیكەوتوون و بەدەر لەوەی چەندین فەرموودەی تر هەیە، پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) رێی داوە بە نوسینەوە، ئەوەی لێرە دەمانەوێت ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە، كە هەمان ئەو فەرموودەایەی ئەوان بەڵگەی پێ دەهێننەوە تەواوی ناكەن و تەنها ئەو بڕگەیە دەهێننەوە كە ئیشیان پێیەتی.
تەواوكەری فەرموودەكە بەو شێوەیەیە "لا تكتبوا عنی، ومن كتب عني غیر القرآن فلیمحه، وحدثوا عني، ولا حرج، ومن كذب علي متعمدا فلیتبوأ مقعده من النار" ئەو بڕگەیەی گرنگە لە فەرموودەكەدا ئەوەیە كە دەفەرموێ "وحدثوا عني، ولا حرج" واتا قسەو فەرموودەكان لەمنەوە بگێڕنەوە هیچ بەگیرهێنان و گوناه و یاساغی تێدانیە.
ئەو بڕگەیە كە بەناو قورئانیەكان و نەیارانی فەرموودە باسی ناكەن، دەیسەلمێنێ كە هیچ پەیوەندیەك نیە لەنێوان یاساغ کردن لە نوسینەوەی فەرموودە و بەڵگەدارێتیەکەیدا، واتا ئەگەر گریمان فەرموودەی قەدەغەكردنی نوسینەوە وەرگرین، و نەڵێین نەسخ بوەتەوە یان تایبەتە بە حاڵەتێك و بارودۆخێكی دیاریكراو، ئەوا نابێتە بەڵگە بۆ ئەوەی بوترێ فەرموودە بەڵگەیەكی شەرعی نیە و سەرچاوەی ئایین نیە، چونكە لەهەمان فەرموودەدا پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) فەرمان دەكات كە فەرموودەو قسەكانی بگێڕدرێتەوە و بگوازرێتەوە و هەر لە فەرموودەكەدا هەڕەشە دەكات لەوەی كەسێك قسەیەك بەدەمیەوە بكات بەدرۆ کە ئەمەش مانا پێچەوانەکەی ئەوەیە ئەگەر سەلمێنرا کەسێک درۆی بەدەمیەوە نەکردووە ئاساییە فەرموودەکانی بگێڕێتەوە.
جا ئەگەر یاساغ کردنی نوسینەوە بەڵگە بێ بۆ ئەوەی فەرموودە حوججەی شەڕعی و سەرچاوەی ئایین نیە، ئایا بۆ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) دەفەرموێ قسەكانم بگێڕنەوە؟! ئەگەر فەرموودە بەڵگە نەبێ، ئەوا لەهەمان كاتدا قەدەغەی ئەوەشی دەكرد كە فەرموودەكان بگێڕدرێنەوە.
بۆیە ئەو فەرموودەیە كە دەكرێتە بەڵگە بۆ نەبوونی بەڵگەدارێتی فەرموودە، لە راستیدا بەڵگەیە بۆ بەڵگەدارێتی و تیایدا پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) بە راشكاوی رێگا دەدا بە گێڕانەوەی فەرموودەكانی، دیارە ئەو سەردەمەش رێگای گواستنەوە و بڵاوكردنەوەی زانست زیاتر بریتی بوو لە گێڕانەوەی زارەكی نەك نوسینەوە.