عیرفان له مومارەسەوە بۆ قسەی ڕووت.

 ناونانی شتەکان بە غەیری حەقیقەتی خۆیان، یان دژەکەیان یەکێکە لە دیاردەکانی ئەم سەردەمە!
 جاران ئەهلی قورئان بەو کەسانە دەوترا کە زۆر پابەندبوون بە ئاینەوە و، لەجیهادیشدا لە ڕیزی پێشەوەی شەڕکەرەکانەوە بوون، بەڵام ئەمڕۆ کۆمەڵێک ناوی خۆیان ناوە "قورئانی" هەموو لێکۆڵینەوەکانیان بۆ ئەوەیە قورئان خاڵی بکەنەوە لەدەلالەتەکانی و بنەماکانی ئیسلامی پێ بڕوخێنن کە زانایانی پێشوو لەبەر ڕۆشنایی قورئان و سوننەت دایانڕشتبوون. جا ئەگەر ئەمە حاڵی قورئان بێت بەدەستی ئەهلی جەدەل و ئەهوائەوە، ئەبێ حاڵی چەمکەکانی تر چۆن بێت؟!
یەکێک لەو چەمکانە عیرفانە؛ واتە خوا ناسی کە لە حاڵەوە گۆڕاوە بە مەقال. جاران بەکەسانێک دەوترا عاریف باللە کە خواناسێکی ڕاستەقینە بووایە، لەخۆشیدا زۆر شوکرانەبژێر بووایە و لەناخۆشیدا نەک هەر دان بەخۆداگر و صابر، بگرە نەک هەر ڕازی بەوەی خوابەسەریدا هێناوە، بەڵکو لەسەر ئەوەش شاکر و ذاکر و سوپاسگوزار بوو بۆ خوا کە ئاوڕی لێداوەتەوەو بواری بۆ ڕەخساندووە بەندایەتی ڕاستەقینەی خۆی بۆ بسەلمێنێ.
 ئەی عیرفانی ئەمڕۆ چۆنە؟ عیرفانی ئەمڕۆ بریتییە: لەباسکردنی عیرفان، نەک هەر ئەوە، بەڵکو باسکردنی کەسانێک کە لە ڕێی تەصەوفەوە ئینحرافیان کرد و، فەلسەفەی غەننوصییان هێنایە ناو ئیسلامەوە و لەجیاتی ئەوەی خوا بناسن خۆیان لێبوو بەخوا؛ لە وێنەی ئیبن عەرەبی و حەللاج و سەهرەوردی!
توخوا کەسێک خاوەنی بیرۆکەی وحدة الوجود  بێت کە جیاوازی نەکات لە نێوان خالق و مەخلوقدا و وەکو یەک تەماشایان بکات، یان کەسێک وابزانێ لەگەڵ خالقدا یەکی گرتووە پێی دەوترێت عارف باللە، ام جاهل باللە و مغرور بالنفس؟ ئەمانە نەک هەر عارف نەبوون، بەڵکو جاهل بوون بەنەفسی خۆشیان و خۆیان لێ بووبوو بە خوا.
بەوەدا بزانە ئەمانەی ئەمڕۆ باسی عیرفان ئەکەن؛ نە خۆیان عاریفن، نە ئەزانن عیرفان چییە و، نە ئەزانن عارفین کێن کە حەللاج و سەهرەوەردی و ئیبن عەرەبییان لێ بووە بەعاریف!
عاریف ئەو کەسەیە خوا بەحەق بناسێ و حقوقەکانی بزانێ و جیاوازی نێوان ئەو مەخلوق بزانێ و، ڕەخنە لەکردەوەکانی و شەریعەتەکەی نەگرێت و لەهەموو حاڵەکانیدا تەسلیمی خودا بێت و نەک هەر ڕازی بێت بەتەقدیرەکانی خوا، بەڵکو وەکو وتمان شوکریشی  بکات لەسەریان. 
ئەوانەی لەخۆیان گۆڕان و شەیتان وەسوەسەی بۆکردن کە خوان، یان لەگەڵ خوادا جیاوزییان نییە، یان لەگەڵ خوادا یەکیان گرتووە هیچ کات لە پێغەمبەران خوا ناستر نەبوون،  بۆچی لە ئەدەبییاتی ئەو پێغەمبەرانەدا ئاوها قسەگەلێک نابیستین کە لەمانی دەبیستین؟ هەموویان وتوویانە {ان اعبدوا اللە ولا تشرکوا بە شیئا} یان {اعبدوا اللە واتقوە واطيعون} و جەختیان لەسەر جیاکردنەوەی مەقامی عبودییەت لە مەقامی الوهییەت بووە.
لە هەموو ئەمانەش سەیرتر ئەوەیە کابرا وا ئەزانێ بەباسکردنی عیرفان ئەبێ بە عاریف بۆیە کە دەیانبینی باسی عیرفان ئەکەن تەکەللوف ئەکەن و خۆیان ئەخەنە حاڵەتێکەوە وەکو ئەوەی لە حزووری خوادا بن و فڕیبێتن بۆ عالەمی مەلەکوت!
بەپێنووسی: د.کەریم ئەحمەد

9/29/2020 11:34:10 PM

بەشەکانی کورتە وتار

12