گوێڕایەڵی کردنی پێغەمبەر (ﷺ) له نێوان (رسول) و (نبي)

یەکێك لە بەڵگە بێ بنەماکانی نەیارانی فەرموودە و بەناو قورئانیەکان بۆ رەتکردنەوەی فەرموودە ئەوەیە کە لە قورئاندا داوا کراوە تەنها گوێڕایەڵی (الرسول) بکرێ هیچ ئایەتێك نیە داوا بکا گوێڕایەڵی (النبي) بکرێ، کە بە قسەی ئەوان واتا گوێڕایەڵی کردنەکە تەنها بۆ پەیامەکەیە و تەنها لەو شتانەیە کە پێغەمبەر (ﷺ) لە قورئان رایدەگەیەنێ!
بۆ وەڵامی ئەو گومانە با سەیری ئەو دوو ئایەتە بکەین کە تیایاندا خوای گەورە هەردوو وەسفی رسول و نبي بەیەکەوە بەکاردەهێنێ:
{الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الرَّسُولَ النَّبِيَّ الْأُمِّيَّ الَّذِي يَجِدُونَهُ مَكْتُوبًا عِندَهُمْ فِي التَّوْرَاةِ وَالْإِنجِيلِ يَأْمُرُهُم بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَاهُمْ عَنِ الْمُنكَرِ وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِث..} الأعراف: ١٥٧
{قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّـهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا الَّذِي لَهُ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ لَا إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ يُحْيِي وَيُمِيتُ فَآمِنُوا بِاللَّـهِ وَرَسُولِهِ النَّبِيِّ الْأُمِّيِّ الَّذِي يُؤْمِنُ بِاللَّـهِ وَكَلِمَاتِهِ وَاتَّبِعُوهُ لَعَلَّكُمْ تَهْتَدُونَ}
الأعراف: ١٥٨
لە هەردوو ئایەتەکەدا خوای گەورە جیاکاری نەکردووە لە نێوان رسول و نبي و پێغەمبەرەکەی بە هەردوو وەسفەکە ناساندووە، نەك هەر ئەوەندە بەڵکو لەهەردوو ئایەتەکەدا داوای اتباع و شوێنکەوتنی پێغەمبەری رسول و نبي کراوە، لە یەکەمیان (یتبعون) و لە دووەمیان (اتبعوا) هاتووە، کە روونە اتباع و شوێنکەوتن لە ئیطاعەو گوێڕایەڵیش فراوانتر و بەهێزترە. واتا هەر ئەو پێغەمبەرەیە کە رسول و نبي یە و داوا کراوە اطاعة بکرێ اتباع بکرێ لەهەمان کاتدا.
سەرەڕای ئەوانەش لە ئایەتی دووەمدا ئاماژەی ئاشکرای تیایە بەوەی خوای گەورە مافی حەڕامکردن و حەلالکردنیشی داوە بە پێغەمبەرە (رسول) و (نبي)یەکەی کاتێك دەفەرمێ: (وَيُحِلُّ لَهُمُ الطَّيِّبَاتِ وَيُحَرِّمُ عَلَيْهِمُ الْخَبَائِث).
هەموو ئەوانە پێمان دەڵێ کە گوێڕایەڵی کردن و شوێنکەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) واجبە چ لە ژیانیدا بێ چ لەدوای کۆچکردنیدا.

4/24/2020 1:28:22 PM

بەشەکانی کورتە وتار

12