فەرموودە لەنێوان قەدەغەكردنی نوسینەوەو حوججیەتیدا

بەناو قورئانیەكان، لەگەڵ ئەوەی باوەڕیان بە فەرموودە نییە و بەبەڵگە و حوججەی شەڕعی و سەرچاوەی دینی نازانن، بەڵام لە دژیەكی و تەناقوزێكی مەنهەجی سەیردا بەڵگە دەهێننەوە بە فەرموودەكەی ئەبو سەعیدی خودری (خودا لێی رازی بێ)، كە لە سەحیحی موسلیمدا هاتووە؛ پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێ) فەرموویەتی: "لا تكتبوا عني، ومن كتب عني غیر القرآن فلیمحه" واتا لەمنەوە هیچ مەنوسنەوە، هەر شتێكتان لەمنەوە نوسییەوە بیسڕنەوە.

بەدەر لەو تەناقوزەی ئەو كەسانە تێیكەوتوون و بەدەر لەوەی چەندین فەرموودەی تر هەیە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ)، ڕێی داوە بە نوسینەوە، ئەوەی لێرە دەمانەوێ ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە هەمان ئەو فەرموودەیەی ئەوان بەڵگەی پێ دەهێننەوە تەواوی ناكەن و تەنها ئەو بڕگەیە دەهێننەوە كە ئیشیان پێیەتی.

تەواوكەری فەرموودەكە بەو شێوەیەیە "لا تكتبوا عنی، ومن كتب عني غیر القرآن فلیمحه، وحدثوا عني، ولا حرج، ومن كذب علي متعمدا فلیتبوأ مقعده من النار" ئەو بڕگەیەی گرنگە لە فەرموودەكەدا ئەوەیە كە دەفەرموێ " وحدثوا عني، ولا حرج" واتا قسەو فەرموودەكان لەمنەوە بگێڕنەوە هیچ ئیحڕاجی و گوناهو یاساغی تێدانییە.

ئەو بڕگەیە، كە بەناو قورئانیەكان و نەیارانی فەرموودە باسی ناكەن دەیسەلمێنێ كە هیچ پەیوەندیەك نییە لەنێوان قەدەغەكردن لە نوسینەوەی فەرموودە و حوججیەتیدا، واتا ئەگەر گریمان فەرموودەی قەدەغەكردنی نوسینەوە وەرگرین و نەڵێین نەسخ بۆتەوە یان تایبەتە بە حاڵەتێك و بارودۆخێكی دیاریكراو ئەوا نابێتە بەڵگە بۆ ئەوەی بوترێ فەرموودە بەڵگەیەكی شەڕعی نییە و سەرچاوەی دین نییە، چونكە لەهەمان فەرموودەدا پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێ)، فەرمان دەكات كە فەرموودەو قسەكانی بگێڕدرێتەوەو بگوازرێتەوە و هەر لە فەرموودەكەدا هەڕەشە دەكا لەوەی كەسێك قسەیەك بەدەمیەوە بكات بەدرۆ، کە ئەمەش مانا پێچەوانەکەی ئەوەیە ئەگەر سەلمێنرا کەسێک درۆی بەدەمیەوە نەکردووە ئاساییە فەرموودەکانی بگێڕێتەوە.

جا ئەگەر قەدەغەكردنی نوسینەوە بەڵگە بێ بۆ ئەوەی فەرموودە حوججەی شەڕعی و سەرچاوەی دین نیە ئایا بۆ پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێ) دەفەرموێ قسەكانم بگێڕنەوە؟! ئەگەر فەرموودە حوججە نەبێ ئەوا لەهەمان كاتدا قەدەغەی ئەوەشی دەكرد كە فەرموودەكان بگێڕدرێنەوە.
بۆیە ئەو فەرموودەیە كە دەكرێتە بەڵگە بۆ نەبوونی حوججیەتی فەرموودە لە ڕاستیدا بەڵگەیە بۆ حوججیەت و تیایدا پێغەمبەری خوا بە ڕاشكاوی ڕێگا دەدات بە گێڕانەوەی فەرموودەكانی، دیارە ئەو سەردەمەش ڕێگای گواستنەوەو بڵاوكردنەوەی زانست زیاتر بریتی بوو لە گێڕانەوەی زارەكی نەك نوسینەوە.

4/3/2020 6:18:23 AM

بەشەکانی کورتە وتار

12