ڕەشپێست لە دیدی ئێمە و ئەواندا!

ڕەشپێست لە دیدی ئێمە و ئەواندا!

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کوڕێکی تەمەن (١٨) ساڵی سپیپێست کە ئیتر بێزار بووە لەو هەموو ڕەشپێستەی دەیانبینێت، لە یەکێک لە سووپەر مارکێتەکانی نیویۆرک، بە زرێپۆش و تفاقی تەواو، بەو چەکەی کە لەسەری نووسراوە «دژە ڕەش» لە ناوچەی «بوفالۆ» کە ڕێژەیەکی بەرچاوی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری ڕەشپێستەکانی تێدایە، لەو کاتەی کۆمەڵێک ھاوڵاتی ڕەشپێست سەرقاڵی كڕینی پێداویستییەکانیانن. دەستڕێژی گوللەیان لێ دەکات و (١٠) کەسی ڕەشپێست دەکاتە قوربانی بیروباوەڕی سپی پەرستی.

 ئەم جۆرە لە کۆمەڵکوژی ڕەشپێستەکان لە ئەمریکا شتێکی نوێ و نامۆ نییە. ئەو تێڕوانینەی کە کەسانی ڕەشپێست بە شایەنی ژیان نازانێت، زۆر بە قووڵی لە مێشک و بیروباوەڕی ڕێژەیەکی زۆری ئەمریکی و ئەورپییەکاندا نەک لەناو نەچووە، بەڵکوو تا دێت تۆختر دەبێتەوە و کۆمەڵکوژییەکانیش قوربانی زیاتریان لێ دەکەوێتەوە.

کاتێک ڕەنگ و نەتەوە و ماددە دەبنە پێوەری بەھا و نرخی مرۆڤ، کاتێک پێوەرەکانی بەھایی مرۆڤ لە لایەن خودی مرۆڤەوە دادەنرێت، ئیتر ڕوودانی ئەو کۆمەڵکوژییە بێ ڕەحمانەیە لە ئەمریکایی دیموکرات و ھەر وڵاتێکی تریش بێت ڕووداوێکی سەمەرە نییە. 

ئێمە و ئەوان جیاوازین، ئێمە ھەموو ھەینییەک ئەمەمان بە گوێدا دەدرێت: {إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ}، واتە: «بەڕاستی بەڕێزترینتان لای خودا ئەوانەن کە لەخواترس و گوێڕایەڵی فەمانی خودان.» لە کوێ بتوانین پێوەرگەلێکی نەفامی بھێنینە شوێنی ئەم بنەمایە؟

ئێمە کە بە «بیلالی حەبەشی» دەڵێین «گەورەم» کە دەزانین لە سەربانی کەعبەوە بەو دەنگەی پێغەمبەر (ﷺ) پێی خۆش بووە بانگی داوە، ئیتر چۆن دەتوانین لەسەر بنەمای ڕەنگ کۆمەڵکوژیان بکەین؟!

ئێمە کە ڕەنگی ئەوان وەکوو نیشانەی باڵادەستی خودا دەزانین {وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ}، [سورة الروم: ٢٢]
واتە:«یه‌کێکی تر له نیشانه‌ و به‌ڵگه‌کانی، دروستکردنی ئاسمانه‌کان و زه‌ویه، هەروەها جیاوازی زمان و ڕه‌نگتانه -ده‌نگی هیچ که‌س له که‌سی تر ناکات، سه‌ره‌ڕای سه‌ده‌ها جۆر زمان، که جۆری قسه‌کردن و داڕشتنی هه‌ر گه‌لێک تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، جگه له هه‌زاران شێواز که له‌و زمانه سه‌ره‌کیانه ده‌بێته‌وه‌-.»  چۆن ئەو نەخشەی پەروەردگار دەکەینە خاڵی ڕق و کینە؟ 

ئێمە و ئەوان جیاوازیمان زۆرە و ئەرکی ئێمەش ھێشتنەوە و قووڵکردنەوەی ئەو جیاوازییەیە.

#ئاستانە_Astana
#وەهمی_گەلە_ڕۆشنبیرەکان

سەرچاوە:
https://www.nytimes.com/live/2022/05/14/nyregion/buffalo-shooting.amp.html

5/18/2022 6:47:21 PM